میسی لەسەر نیمار داوایەكی ئاراستەی بەرشەلۆنە كردووە

:: PM:12:35:30/10/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ گەڕانەوەی ئەستێرەكەی پێشوویان نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی كە ئێستا لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی یاری دەكات.

نیمار هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێیدا یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.

لە ماوەی رابردوودا وا بڵاو كرابووەوە كە نیمار لە یانەی پاریس سان جێرمان دڵخۆش نییە و ئارەزوو دەكات دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەی بەرشەلۆنە و خولی ئیسپانیا.

رۆژنامەی (ئیندپێندنت)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: میسی پێیوایە ئاستی یانەی بەرشەلۆنە زۆر باشتر دەبێت ئەگەر نیماری تەمەن 26 ساڵ دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەكە.

میسی تا ئێستاش پەیوەندییەكی بەتینی لەگەڵ نیمار ماوە و سەرەڕای رۆیشتنیش هیچ بوغز و قینێكی بەرامبەر ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە نییە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: میسی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كۆبۆتەوە و داوای لێكردوون رازی بن بە گەڕانەوەی نیمار، چونكە بە گەڕانەوەی ئەم ئەستێرەیە هێڵی هێرشبەری یانەكە بەهێزتر دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەكە كێشەی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنە پەیداكردنی پارەی گرێبەستكردنی گەڕانەوەی نیمارە كە یانەی پاریس سان جێرمان رازی نییە بە كەمتر لە 222 ملیۆن یۆرۆكە دەستبەرداری بێتەوە.

پێشبینی دەكرێ یانەی بەرشەلۆنە بۆ گەڕانەوەی نیمار بەرپرسانی یانە پاریسییەكە بە پێدانی عوسمان دێمبێلێ ئەستێرەی فڕەنسییان رازی بكات لەگەڵ بڕێك پارەی تر، بەڵام دیار نییە ئاخۆ یانەی پاریس سان جێرمان بەمە رازی دەبێت یان نا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م