ئێوارەی ئەمڕۆ لە زنجیرە تەقینەوەیەك بەغدای پایەتەختی عێراقیان كردە ئامانج و پێنجەم تەقینەوە لە ناوچەی سەدر لە رۆژهەڵاتی شارەكە رووی دا و بەوهۆیەوە قوربانی لێ كەوتەوە.
سەرچاوەیەكی تەناهی لەو بارەوە رای گەیاند كە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم بۆمبێكی چێنراو لە نزیك ژمارەیەك عەرەبانەی گەڕۆك لە شاری سەدر رووی دا و بەو هۆیەوە سێ كەس كوژران و پێنجی تریش برینداربوون.
لەو كاتەی هەر ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە گۆڕەپانی عەدەن لە بەغدا دوو كەس كوژران و چواری تریش برینداربوون، لە ناوچەی حەبیبیەیش لە بەغدا لەكاتی تێپەڕبوونی پاسێكی بچووك بۆمبێكی تر تەقییەوە و بەوهۆیەوە چوار كەس بریندار بوون، لە ناوچەی توراس لە رۆژئاوای بەغدا لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی تر سێ كەس بریندار بوون.
ئەو تەقینەوانە هاوكاتن لەگەڵ دروستبوونی جموجۆڵی نوێی داعش لە سووریا كە بەرپرسانی تەناهی وریاییان لە كاریگەرییەكانی بۆ سەر دۆخی تەناهی عێراق دا، بەتایبەتی دوای پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق لە 24ی تشرینی یەكەمی رابردوو و بڕیارە لە دانیشتنی سێشەم وەزارەتەكانی تری كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی تەواو بكرێن، بەتایبەتی وەزارەتە تەناهییەكان.