باڵەخانەی هاتوچۆی سلێمانی پڕ لە قوڕ و لیتە دەبێ‌

:: PM:04:56:06/11/2018 ‌
ماوەی دوو ساڵە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی تاسڵوجە و بەهۆی قیرنەكردنی بەردەم باڵەخانەكە لە كاتی باران بارین كێشەی هاتوچۆ و پیادە بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت.

ساڵانە لە وەرزی زستان و بارینی باران، بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی قوڕ و لیتەی زۆر دروست دەبێت و هاووڵاتییانیش نیگەرانن، ئەوە سەڕەرای داهاتی هاتوچۆی سلێمانی سەتان ملیۆن دینارە.

هاڕوون ئەحمەد یەكێك لەو هاووڵاتییانەیە كە ئەمڕۆ سەردانی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كردووە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كاتی سەردانكردنی بۆ بەڕێكردنی كارەكانی لە بەردەم بیناكە تووشی گرفت بوون و قوڕێكی زۆر لە بەردەم باڵەخانەكە بەهۆی باران بارینەوە كۆبووەتەوە و كێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.

هاوكات كاروان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویست بوو پێش ئەوەی باڵەخانەی هاتوچۆ بگواسترێتەوە بۆ تاسڵوجە ئەو كێشانەی چارەسەر بكرابوایە. 

ڕوونیشی كردەوە كە دوای دوو ساڵ ئێستە دەست كراوە بە چاككردنی ئەو كێشەیە و شوێنی پارك بۆ ئۆتۆمبێلەكان كۆنكرێت دەكرێت و بە چارەسەركردنی ئەو گرفتە هیچ كێشەیەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە نامێنێت كە سەردانی هاتوچۆ دەكەین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی







وشە - سه‌رخێڵ هاشم