نرخی بەنزین لە سلێمانی دابەزی

:: PM:04:05:07/11/2018 ‌
دابەزینی نرخی بەنزین لە سلێمانی بەردەوامە و ئێستە نرخەكەی لە نێوان 25 بۆ 50 دینار بۆ یەك لیتر دابەزیوە، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، نرخی بەنزین ئاسایی بووەتەوە و هۆكارەكەیشی زۆری بەنزین و زیادبوونی سەرچاوەكان و هاوكاری پاڵاوگەكانە.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نرخی بەنزین ئاسایی  بووەتەوە و زۆربەی بەنزینخانەكان دەستیان كردووە بە دابەزاندنی نرخەكەی.

زیاتر گوتی، جۆرەكانی بەنزین ئێستە لە نێوان 25 بۆ 50 دینار و زیاتریش دابەزیوە و هۆكاری هەرزانبوونەكەیشی بۆ هاتنی زۆری بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ سنوورەكە و لەگەڵ زیادكردنی سەرچاوەی هێنانی بەنزین و هاوكاری پاڵاوگەكانی ناوچەكە.
 
پارێزگاری سلێمانی دووپاتی لەوە كردەوە كە بەردەوام دەبن لە دابەزاندنی نرخی بەنزین و كارئاسانی دەكەن بۆ هێنانی بەنزینی زیاتر بەو كوالێتییەی كە دیاری دەكرێت بۆ بازرگانەكان.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو نرخی یەك لیتر بەنزینی جۆری سوپەر لە 900 دینار جێگیر بوو، بەڵام ئێستە ئەو نرخە بۆ هەمان نرخی پێش گرانبوونی دابەزیوە و یەك لیتر بە 840 دینارە، هەروەها نرخی بەنزینی موحەسەن لە 825 دینارەوە بۆ 775 دینار دابەزیوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم