پارتى شێوازى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى كوردستانى ئاشكرا كرد

:: PM:06:18:08/11/2018 ‌
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، شێوازی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو نە بنکە فراوان دەبێت و نە 50 بە 50، بەڵکو یەکێتی و پارتی و رەنگە لایەنێکی تریش بەشدار بێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م هه‌شتى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، فازڵ بەشارەتی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەو پێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی بە دەستهێناوە و حزبی یەکەمە مافی خۆیەتی شێوازی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی هەرێمى كوردستان دیار بکات.

زیاتر گوتى، شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان نە بنکە فراوان دەبێت وەک کابینەی هەشته‌م نە شێوازی 50 بە 50یش پەیرەو دەکرێت وەک ساڵانی رابردوو.

به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى گوتى، کابینەی داهاتووی هەرێم لە پارتی و یەکێتی و یەک دوو لایەنی تر پێك دێت. هه‌روه‌ك دووپاتى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لە هەفتەی داهاتووەوە شاندی پارتی دەست بە سەردانی لایەنەکان دەکات.

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلوولى ڕابردوو 45 كورسیی په‌رله‌مانى به‌ده‌ست هێنا و به‌و پێیه‌ش بێت گه‌وره‌ترین حزبى كوردستانه‌ و ده‌توانێ حكوومه‌تى نوێ پێك بێنێت.


سلێمانى/ هه‌ستیار 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم