بەرشەلۆنە بڕیاری كۆتایی لەسەر دێمبێلێ دەركرد

:: AM:09:00:15/11/2018 ‌

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ بەڕێوەبەری كارەكانی عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی ئەنجام دا بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم یاریزانە لە ریزی یانەكەیان یەكلایی بكەنەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: دێمبێلێ تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ شێوازی یاریكردن و یاساكانی یانەی بەرشەلۆنە وەك یاریزانێكی پیشەگەر بگونجێنێ ئەمەش بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنمایی و رێساكانی ناوەخۆی یانەكە و ئامادەنەبوونی لە بەشێكی زۆری مەشق و راهێنانەكانی تیپەكەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد:بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كە پێكهاتبوون لە ئیریك ئەبیدال و پیپ سیگۆرا لە كارگێڕی یانەكەوە بەشێوەیەكی تایبەت لەگەڵ مووسا سیسۆكۆی بەڕێوەبەری كارەكانی و كەسێكی نزیكی دێمبێلێ كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەكانی ئەم یاریزانە فڕەنسییە بێنن و بۆ داهاتووش زاتر پابەندی بكەن بە یاساكانی ناوەخۆی یانەی بەرشەلۆنەوە.

ئەم كۆبوونەوەیە لە كاتێكدابوو كە لەچەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە یانەی بەرشەلۆنە بڕیاری فرۆشتنی دێمبێلێی داوە بەهۆی هەڵسوكەوتە خراپەكانی و خۆ نەگونجانی لەگەڵ شێوازی یاریكردنی یانەكەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا دووبارە و سەرلەنوێ هەلێكی تر بە دێمبێلێ بدرێتەوە و لە یاریكردن لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە بەردەوامبێت، بەڵام بەو مەرجەی خۆی چاك بكاتەوە و پابەندی یاساكانی ناوەخۆی یانەكە بێت و بەشێوەیەكی رێك و پێكیش لە وادی كۆبوونەوە و مەشق و راهێنانەكانی یانەكە ئامادەبێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م