به‌م ڕێیانه‌ باوڕ به‌خۆبوونت زیاتر ده‌بێ

:: AM:09:03:16/11/2018 ‌
بیرکردنەوە بە ئەرێنی: 

پێویستە ھەموو کات بە ئەرێنی بیربکەیتەوە، ھەموو کات ئەوە بھێنیتە بیری خۆت کە تۆ کەسێکی تاک و جیاوازی وە کەسێکی نرخت زۆرە، سەرەڕای ھەموو ئەو کێشانەی لە ژیانتدا ھەیە وە تۆ شایانی ئەوەیت کە لە خۆت ڕازی بیت، ململانێ بکەی لەگەڵ ھەموو ئەو بیرکردنەوە نەرێنیانەی دێنە خەیاڵت کە بە ھۆی شکستێکەوە تووشت دەبن یان ناتوانی ھەنگاوێک بنێی بۆ کارێک. 

دروستکردنی متمانە: 

دوورکەوتنەوە لە ھەموو ئەو بیرکردنەوانەی کە ھەستی خراپت لەلا دروست دەکات، وەک: دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی بە خراپی مامەڵەت لەگەڵ دەکەن، ئەو شوێنانەی بێزارت دەکەن و ئەنجام دانی وەرزش ھەفتەی سێ جار بە شێوەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ، ئەمەش وات لێ دەکات کە چالاکیت زیاد بکات ، ھەروەھا لەبەر کردنی جلو بەرگی خاوێن و گونجاو کە وات لێ بکات متمانەت بەخۆت بێت و ھەست بە ئارامی و ڕازی بوون بە خۆت بکەیت.

ئەزموون: 

پێویستە ھەوڵ بدەیت کە مامەڵە لەگەڵ ھەموو بارودۆخێکی نوێدا بکەیت و ئەزموون وەربگریت لە بارودۆخی پێشوو، ئەمەیش وات لێ دەکات کە متمانەت بە خۆت زیاد بێت، چونکە ئەزموونی نوێ و تاقی کردنەوەی ئەزموونی نوێ و مامەڵە کردن لەگەڵی وات لێ دەکات کە پەرە بە خۆت بدەیت و زاڵ بیت بەسەر ھەستی ترس و شکست ھێنان، وا دەکات ھەر بارودۆخێک بێتە پێشەوە بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، لەوانەیە لە سەرەتادا تووشی شکست ببیت بەڵام شکست وات لێ دەکات کە کەسێکی بەھێزت لێ دەربچێت .

ئامۆژگاری بۆ زیادکردنی متمانە بوون بە خۆت: 

بەردەام بە لە فێربوون، چونکە ھەرکەسێک بەردەوام شتی نوێ فێربێت متمانەی زیاتری بە خۆی دەبێت چونکە فێربوون بنچینەی ھێزە لە مرۆڤ دا. 

ھەنگاو نان بۆ بە دەست ھێنانی شتی تایبەتی خۆت وە پاراستنی لە لیستی سەرکەوتنە گەورەو بچوکەکانت ، چونکە وات لێ دەکات کە ھەست بە ھێز و توانای خۆت بکەیت بە شێوەیەکی ئەرێنی . 

دوورکەوتنەوە لە بەراورد کردنی خەڵکی بە خۆت ، لەبەر ئەوەی بەراورد کردن ناھێڵێت بەرەو سەرکەوتنت ببات . 

پشت بەستن بە ھەستە ناوەڕۆکیەکانی خۆت و ئەوەی لە ناختدایە ، واتە باوەڕی بەو ھەستەی خۆی ھەبێت کە دەتوانێت ئەو کارە بە ئەنجام بگەیەنێت و لە ناخی خۆیدا متمانەی بە خۆی ھەبێت . 

ئامانجی بچووک و تایبەتی خۆتت ھەبێت کە ھەوڵی بۆ بدەیت و ھەوڵ بدەیت بۆ بە دەست ھێنانی بە ئاسانی بە بڕوا بە خۆ بوونێکی زۆرەوە بۆ ئەوەی کار بکەیت لەسەر بە دیھێنانی ئامانجی گەورەتر لەوە و ڕووبەڕووی ئامانجی گەورەتر ببیتەوە .


وشە - محەمەد میران