گۆڕانكارییه‌كانى پارتى به‌ڕێوه‌به‌رى شاردێ تا بریكارى وه‌زیرى تێدایه و حكوومه‌تى داهاتوو به تیمێكى نوێوه به‌ڕێوه ده‌بات
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان گۆڕانكارییه ناوخۆییه‌كانى ده‌ست پێ ده‌كات و تیمێكى تریش بۆ حوكمڕانى له كابینه‌ى داهاتووى كوردستان ئاماده ده‌كات. پڕۆژه چاكسازییه‌كانى ناو پارتی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێ و به‌رده‌وام ده‌بێ. زانیاری هه‌یه كه چه‌ندان به‌ڕێوه‌به‌رى بچووك و گه‌وره‌ی پارتی له‌ناو حكوومه‌ت و حزبیش بێنه گۆڕین.
له كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلوولى ڕابردوو، پارتى دووپاتى كرده‌وه به‌هێنانى ده‌نگێكى زۆر گۆڕانكارى ده‌كات، پارتى ئێسته كه خاوه‌نى 45ى كورسیی په‌رله‌مانى كوردستانه، ده‌ستى به‌و گۆڕانكارییانه كردووه و به "گه‌رده‌لوولى چاكسازى" ناوی ده‌به‌ن.
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" ئه‌و تیمه‌ى ئێسته له حكوومه‌تدان و له‌سه‌ر پشكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانن، كه زۆرینه‌یان ده‌یان ساڵه له وه‌زیر به‌ره‌و خوار به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كار، زۆرینه‌یان دێنه گۆڕین. ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتی دڵنیایی ده‌كات كه حزبه‌كه‌ی "ئه‌و به‌رپرسانه‌ى لا ده‌بات كه ڕۆژێك له ڕۆژان گه‌نده‌ڵییه‌كیان له‌سه‌ر بووه".
"وشه" زانیویه‌تى گۆڕانكارییه‌كانى ناو پارتى ئێسته له ئاستى به‌ڕێوه‌به‌رى شاردێ و شارۆكه‌كانه‌وه ده‌ستى پێ كردووه و له ئاستى حزبیش له كارگێڕى لق و به‌رپرسى ناوچه‌كان، به‌ڵام پێ ده‌چێ له چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌و گۆڕانكارییانه خێراتر و فراوانتر بكرێن و به‌شى زۆر له به‌رپرسه‌كان بگرێته‌وه.
ئامینه زكرى ئه‌ندامى خولی پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، پارتى ده‌ستى به گۆڕانكارییه‌كى ئه‌رێنى كردووه و گۆڕانكارییه‌كانیش به پلان و به‌رنامه ده‌كرێ، مه‌به‌ستیش له گۆڕانكارییه‌كان دروستكردنى تیمێكى به‌هێزه له حكوومه‌تى نوێ.
زكری ئاماژه‌ى به‌وه‌یش كرد، "به‌پێى پڕۆژه‌ى گۆڕانكارییه‌كان، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌و كابینه‌ى ئێسته‌دان ده‌گۆڕێن بۆ كه‌سى تر و تیمێكى به‌هێزتر و عه‌قڵێكى گه‌نجانه ده‌چنه كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان".
دووپاتیشى كرده‌وه كه هه‌وڵى پارتى ئه‌وه‌یه كه‌سانى رابردوو پاك و دوور له گه‌نده‌ڵى بخاته پۆسته‌كان. بۆیه ئه‌و گۆڕانكارییانه له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه ده‌كرێ و كۆى سه‌ركردایه‌تیش له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریدان.
پارتى یه‌كه‌م قۆناغى گۆڕانكارییه‌كانى له ئیداریى خۆجێى هه‌ولێره‌وه ده‌ست پێ كرد. كه‌نعان خه‌یلانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، ورده‌كارى گۆڕانكارییه‌كان ده‌خاته ڕوو، دڵنیاییش ده‌دات كه "گۆڕانكارییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن".
خه‌یلانى بۆ "وشه" گوتى، گۆڕانكارییه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێ و قایمقامی شارۆكه و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌وه ده‌ستى پێ كردووه و تا ئێسته‌یش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باشى هه‌بووه.
ئه‌وه‌یشی دركاند "شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێ گۆڕاون و چوار به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێیش بوون به قایمقام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێنج به‌ڕێوه‌به‌رى تر گۆڕاون، جگه له چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێكى په‌روه‌رده كه له ئاستی خۆجێى گۆڕاون".
ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به‌پێویستى ده‌زانێ ئه‌و تیمه‌ى ئێسته له حكوومه‌تدان، گۆڕانكارییان تێدا بكرێ و كه‌سى نوێ بهێنرێته ناو پۆسته‌كان و گۆڕانكارییه‌كان وه‌زیر و بریكارى وه‌زیریش بگرێته‌وه. وه‌ك خه‌یلای زانیارى دا "گۆڕانكارییه‌كانى ئه‌مجاره فراوانه و زۆر له پۆست و كه‌سه‌كان ده‌گرێته‌وه".
عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، پێى وایه، نهێنیى مانه‌وه‌ى پارتى به به‌هێزى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه كه به‌رده‌وام كردوویه‌تى. وه‌ك دووپاتی ده‌كاته‌وه گۆڕانكاریى ئه‌مجاره فراوانه و ئه‌وانه‌ى ڕۆژێك له ڕۆژان له‌سه‌ر پشكى پارتى گه‌نده‌ڵییه‌كیان كردبێت، دێنه گۆڕین.
عه‌ونى بۆ "وشه" گوتى، پارتى پڕۆژه‌یه‌كى بۆ گۆڕانكاریى ناوخۆیى و چاكسازى هه‌یه كه گۆڕانكارییه‌كان ئیدارى و حزبین، پێمان وایه ئه‌نجامى باشیان ده‌بێ و بڕواى ته‌واومان به‌وه هه‌یه ده‌بێ چاكسازیى بنه‌ڕه‌تى بكرێ.
ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى ڕاى گه‌یاند، "گۆڕانكاریى ئه‌مجاره‌ى پارتى زیاتر پشكى پارتى له‌ناو حكوومه‌ت ده‌گرێته‌وه، چیتر پارتى ڕێ نادات له پشكى ئه‌و له حكوومه‌ت گه‌نده‌ڵى بكرێ و ئه‌وانه‌یشى ڕۆژێك له ڕۆژان گه‌نده‌ڵییه‌كى بچووكیشیان له‌سه‌ر بووبێ، دێنه گۆڕین".
"لێكۆڵینه‌وه كراوه له‌سه‌ر هه‌ندێك كار بۆیه كه‌سه‌كان دێنه گۆڕین، مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌وانه‌ى دێنه گۆڕین گه‌نده‌ڵ بن، به‌ڵكو ڕه‌نگه كه‌سێكى كه‌متوانا هه‌بووبێ له پۆستێكدا و لا بدرێ". عه‌لى عه‌ونى واى گوت. دووپاتیشى كرده‌وه كه پارتى به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌كانى له حكوومه‌ت ده‌گۆڕێت و تیمێكى به‌هێزترى ئاماده كردووه و به‌شى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى پۆستیان له‌ناو پارتى هه‌بووه، دێنه گۆڕین.