خشته‌ى مووچەی هه‌فته‌ى داهاتوو ئاشكرا كرا

:: AM:10:12:16/11/2018 ‌
دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو مووچه‌ى مانگى ئابى چەند شوێنێك دابه‌ش ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ خه‌زێنه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئابی فه‌رمانبه‌ران ده‌كاته‌وه‌ و ڕۆژی یه‌كشه‌م 18ى تشرینى دووه‌م، مووچه‌ی چه‌ند شوێنێك دابه‌ش ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتى، ڕۆژی یه‌كشه‌م 18ی تشرینی دووه‌م، مووچه‌ی ده‌زگای ئاسایش، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، هێزی زێره‌ڤانی، هێزی ئاماده‌، هێزى به‌رگری فریاكه‌وتن دابه‌ش ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌كه ڕاشی گه‌یاند، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕی 317 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ گه‌یشتووه‌، له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو تا كۆتایی هه‌فته‌ ڕه‌نگه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ كۆتایی پێبهێنرێت".

به‌ پێى گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، دواى وه‌زاره‌ته‌كان هه‌ر هه‌فته‌ى داهاتوو مووچه‌ى ئه‌و مووچه‌ خۆرانه‌ ده‌درێت كه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانى هه‌رێمى كوردستان دابینی دەكات، مانگانەیش ئەمەریكا 24 ملیار دینار ڕاستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.


وشە - محەمەد میران