گوشارەكان عەبدولمەهدی دەخاتە بەردەم دووڕیانی شكست و دەست لەكاركێشانەوە

:: PM:03:40:17/11/2018 ‌

لە كاتێكدا هێشتا كابینەی حكوومەتەكەی تەواو نەكردووە، پرسی لێپرسینەوە و وەرگرتنەوەی متمانە لە هەندێك لە وەزیرەكانی حكوومەتەكەی، فرۆشتنی وەزارەتی بەرگری و چەند وەزارەتێكی تر، ناكۆكی نێوان شیعەكان لەسەر وەزیری ناوخۆ، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان گەیاندووەتە لێواری شكست و دەست لەكاركێشانەوەی پێشوەختە.

ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی رۆژی سێشەمی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی كاندیدی هەشت وەزارەتەكەی تری ببات بۆ پەرلەمان، بەڵام هەموو ئاماژەكان بە ئاراستەی ئەوە دەچن سەركەوتوو نەبێت بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان، بەتایبەت هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ كە عەبدلمەهدی داوای لێ كردوون پەلە بكەن لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیان.

سەرچاوەیەكی نزیك لە عادل عەبدولمەهدی رای گەیاند، هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی هەشت وەزارەتەكە بەردەوامە، بەڵام ئاماژەكان بۆ عەبدولمەهدی هیچ جێی دڵخۆشی نین بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییە سیاسییەكان، بەتایبەت لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات كە لەو پرسەدا سەرۆك وەزیران هەشت بە شەرمەزاری دەكات بەوەی شكستی هێناوە.

"تا ئێستە هاوپەیمانی بنیادنانەوە كەسێكی تری كاندید نەكردووە لە جێی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە پۆستەكانی تریش". سەرچاوەكە ئاگادارەكە وا دەڵێت كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەوەشی خستەڕوو كە سەرۆك وەزیران رووبەڕووی كێشەیەكی تریش بووەتەوە ئەویش پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە چەند وەزیرێكی حكوومەتەكەی بەهۆی تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی یان پێوەندی هەبوون بە حزبی بەعس یانیش كاری توندڕۆیی.

ماوەی 10 رۆژ دەبێت پرسی تۆمەتباركردنی وەزیرەكانی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی باس دەكرێت، بەڵام سەرۆك وەزیران تا ئێستە هیچ قسەیەكی لەسەر ئەو دۆسیەیە نەكردووە. كەسە نزیكەكان لە عادل عەبدولەمەهدی دەڵێن ئەو لەگەڵ هەموو لیستەكانی ناو پەرلەمان دانوستاندنی كردووە و داوای لێ كردوون دەست لەو گوشارە و تووڕەكردنە سیاسییە هەڵگرن.

پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەرۆك وەزیران ئاشكرای دەكات، ئامانجی یەكەمی عەبدولمەهدی بردنی ئەو هەشت كاندیدە نییە بۆ پەرلەمان، بەڵكو ئەو كەسانێكی تری دەستنیشان كردووە بۆ شوێنگرتنەوەیان لەو كاتەی لە دانیشتنی 25ی ئەم مانگە پەرلەمانتاران متمانەیان پێ نادەن، گوتی "ئەگەریش گوشارەكان وەك ئێستە بن، ئەوا عادل عەبدولمەهدی خۆی دەست لەكار دەكێشێتەوە".

عامر فایز پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بنیادنانەوە دەڵێ، ناوەڕۆكی نامەكەی سەرۆك وەزیران بۆ لیستەكانی ناو پەرلەمان هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوە بووە ئەگەر ململانێ سیاسییەكانی نێوان لیستە سیاسییەكان لەسەر پۆستەكان بەردەوام بێت، گوتی "ئەمە دوا بژاردەی دەستی سەرۆك وەزیران دەبێت، ئەو لە نامەكەیدا باسی لەوە كردووە پێی باشە دەست لەكار بكێشێتەوە نەك سەرۆك وەزیری حكوومەتێكی شكستخواردووی ناجێگیر بێت، پێی وایە ئەوە لەگەڵ مێژووی سیاسیی ئەو نەگونجاوە".

 هەوڵەكانی عەبدولمەهدی لە كاتێكدایە وەك محەمەد خالیدی سەرۆكی لیستی بەیارق خەیر دەڵێ، پەرلەمانتاران لە هەوڵدان بۆ سەندنەوەی متمانە لە نەعیم روبێعی وەزیری پێوەندییەكان و ئەحمەد عوبێدی وەزیری وەرزش و لاوان بەهۆی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕوویان كراوەتەوە، لەگەڵ دوو وەزیری تر كە ناوەكانی ئاشكرا نەكردووە.

شارەزایانی سیاسی پێیان وایە دەبێت عادل عەبدولمەهدی هەنگاوی كرداری هەڵبگرێت بۆ چاكسازی لە حكوومەتەكەی، نابێت بەرانبەر بە لیستە سیاسییەكان هێندە خۆی لاواز نیشان بدات، چونكە ئەو لیستانەی كە هیچ پۆستێكیان لە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی بەرنەكەتووە، هەڕەشەی سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكانی كابینەكەی دەكەن، ئەمەش یەكێكە لەو بەربەستانەی عەبدولمەهدی بەهۆیەوە ترسی هەیە هەشت وەزیرەكەی تر بباتە پەرلەمان.

ئەگەرچی هێزە سیاسییەكان هەڕەشەی شكست پێهێنانی حكوومەت لە عەبدولمەهدی دەكەن، بەڵام مزاحم عەبدولجەبار شارەزای یاسایی و دەستووری دەڵێ، لە پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران باسی ژمارەی وەزیرەكان نەكراوە، بۆیە دۆخەكە لە بەرژەوەندی سەرۆك وەزیراندایە ئەگەر چەند وەزیرێكی تریش متمانەی لێ بسەنرێتەوە، ئەوا نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتەكەی.

گوتی "بەڵام كاتێك عەبدولمەهدی دەترسێت، ترسەكە لە دیوە یاساییەكە نییە، بەڵكو لە دیوە سیاسییەكەیە، چونكە سەندنەوەی متمانە لە وەزیری یەكێك لە دوو بلۆكە شیعەكە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ شكست پێهێنانی حكوومەت".

كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كە لە 24ی مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری داوە لە كۆی 22 وەزیر، نزیك دەبێتەوە لە مانگێك، هەشت وەزارەتەكەی تر بەتایبەت بەرگری و ناوخۆ لەناو ماڵی سوننە و شیعەكان ململانێی توندی لەسەر هەیە، تەنانەت دەنگۆی كڕین و فرۆشتنی وەزارەتەكانیش هەیە.

 پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی بنیادنانەوە دەڵێ، ناكۆكییەكان تەنیا لەسەر ئەو دوو وەزارەتە نین كە لە میدیاكان وەها ناسێنراوە و كورت كراوەتەوە، بەڵكو لەسەر هەموو وەزارەتەكانە، بەهۆی ئەوەی هەر لیستێك دەیەوێ وەزارەتی بەركەوێت، ئەمەش وا دەكات ئەستەم بێت لە رۆژی سێشەمی داهاتوو 25ی مانگ، پەرلەمان دەنگ بە كاندیدی ئەو وەزارەتانە بدات.

لە بارەی ناو ماڵی شیعە، پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی بنیادنانەوەی نزیك لە ئێران ئاشكرای دەكات كە شیعەكان بە قووڵی دابەشی سەر دوو بەرە بوون، بەرەیەكیان ویستی هەیە پۆستەكان لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت و پێداگیری دەكەن لەسەر كاندیدبوونی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، هەرچی بەرەی چاكسازییە كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات، ویستی ئەوەی هەیە كە عەبدولمەهدی سەرپشك بكرێت لە دەستنیشانكردنی وەزیرەكان.

پێوەند بە وەزارەتی بەرگری و پۆستی وەزارەتەكانی تر، دەنگۆی كڕین و فرۆشتن پێكردن بەو وەزارەتانە هەیە، عالیە نسەیف پەرلەمانتاری لیژنەی دەستپاكی دەڵێ، عادل عەبدولمەهدی رژدە لە گەڕان بەدوای زانیاری فرۆشتنی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتەكانی تر، رەنگە ئەمەش بەربەستێكی تر بخاتە بەردەم كابینەكەی سەرۆك وەزیران. گوتی "عەبدولمەهدی دەیەوێ پشتڕاستی ئەو زانیارییانە بكات لەبارەی فرۆشتنی پۆستی هەندێك لە وەزارەتەكان".

چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەمی هەفتەی داهاتوو كە دەكاتە 25ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، عادل عەبدولمەهدی كاندیدی هەشت وەزارەتەكەی بباتە پەرلەمان بە مەبەستی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی كە 24ی مانگی رابردوو 14 وەزیری متمانەی پەرلەمانیان وەرگرتووە.



وشە - فه‌رمان سادق