ناوچە سوننەكان لە مەترسیدان.. ئەسەد ناسنامە بە هەزاران شیعە دەدات

:: PM:05:17:17/11/2018 ‌
لە وەختێك مشتومڕ لەسەر هەژموونی رووسیا لە سووریا دەكرێت، بەڵام رژێمی ئەسەد و ئێرانییەكان رێككەوتوون لەسەر نیشتەجێكردنی هەزاران شیعەی ئێرانی لە ناوچە سوننەنشینەكان، بەمەیش لەیەك كاتدا پێگەی رژێم بەهێز دەكات و دیمۆگرافیای سووریایش دەگۆڕێت. سەركردەیەكی لبنانیش دەڵێ ئێران نایەوێت هیچ سوننەیەك لەنێوان دیمەشق و حمس و سنووری سووریا بمێنێت و پلانەكەی بە شیعەكردنی تەواوی ئەو ناوچەیەیە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە فەرمییە سووریانەی بڵاوكراونەتەوە، دەردەكەوێت كە رژێمی بەشار ئەسەد بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای چەندان ناوچەیە لە سووریا، ئەویش بە پێدانی ناسنامەی سووری بە هاووڵاتییانی شیعەی ئێرانی و نیشتەجێكردنیان لە ناوچە سوننەنشینەكان و دەركردنی خەڵكی ناوچەكە لە ژێر گوشاردا.

پیلانەكەی رژێمی سووریە، پیلانی هاوبەشە لەنێوان دیمەشق و تاران كە سەرەتای كاركردن لەسەر پیلانەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 بە ناوی پاراستنی مەزارگە پیرۆزەكانی شیعە بەتایبەت مەزارگەی زەینەب لە دەوروبەری دیمەشق.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان كە لیستی ناوەكانیشی لەگەڵدا هاوپێچە، سەتان هەزار هاووڵاتی شیعەی ئێرانی لە چەندان ناوچەی جیاجیای سووریا نیشتەجێ كراون، ئەوەیش پاش ئەوەی ناسنامەی سووریان بۆ دەركراوە كە بەشی زۆریان چالاكوانانی سوپای پاسدارانن و ناسنامەیان پێ دراوە و ئێستە ئامادەكاری دەكەن تا خۆیان و خێزانەكانیان بەرەو سووریا كۆچ بكەن و لەو ناوچانەدا نیشتەجێ ببن كە بۆیان دەستنیشان كراوە.

پڕۆژەی "ترانسفێر"، ئەو پڕۆژەیەی سووریا و ئێران لەسەری رێككەوتوون بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای چەند ناوچەیەكی دەستنیشانكراو، بەگوێرەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە لەو كاتەی هەموو لایەنەكانی ناو سووریا سەرقاڵی شەڕ بوونە، ئێرانییەكان هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كە پڕۆژەیەكی تەواو جیاوازە لە دنیابینی رووسیا بۆ سووریا.
 
سەركردەیەكی خۆجێی لبنانی كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەڵێ ئێران و رژێمی ئەسەد نایانەوێت هیچ هاووڵاتییەكی سوننە لەنێوان دیمەشق و حمس و سنووری سووریا بمێنێت، ئەمەیش گۆڕینێكی ریشەیی و مێژوویی دیمۆگرافییە لە سووریا.

پێوەند بەو پرسە سەرچاوەیەكی ئەوروپی دەڵێ، ئەوە سووڕانەوەی ئێرانە لە پشتی رووسیا كە مۆسكۆ دەیەوێت بڕیار بەدەستی یەكەمی سووریا بێت، ئەویش دەیەوێت ناوچە سوننەكان شیعەنشین بكات. ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە، لەگەڵ زیاتر ئاشكرابوونی پیلانەكە رژێمی سووریا بەرانبەر بە رووسیای گەورەترین هاوپەیمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەوتی زیاتر شەرمەزار دەبێت، گوتی، "ئەو كارە بەپێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی دەچێتە بازنەی راگواستنی زۆرە ملێیی، هاوشێوەی ئەوەی ئیسڕائیل بەرانبەر بە فەڵەستینییەكان ئەنجامی دەدات".

بەگوێرەی زانیارییەكانی لە بارەی پیلانەكە بڵاوكراوەتەوە، ئێرانییەكان لە ساڵی 2012، لە رێگەی پاراستنی مەزارگە شیعەكانی سووریا، ئەوانەی لە داریا و دیمەشق هەن لەوانەی مەزارگەی زەینەب لە دەوروبەری دیمەشق، هەوڵی كڕینی سەدان خانووی هاووڵاتییانی سوننەیان داوە، جگە لەمە لە رێگەی دامەزراندنی كۆمپانیای تەناهی بۆ پاراستنی مەزارگەكان، سەدان چەكداری حزبوڵای لبنانی بە خێزانەكانیانەوە لەو ناوچانە نیشتەجێ كراون، ئەمەش وەك نموونەیەكی بچووكی پیلانە گەورەكە باس دەكرێت.

جێبەجێكردنی پیلانی بە شیعەكردنی سووریا لە كاتێكدایە پێش شۆڕشی بەهاری عەرەبی، ساڵانە سەتان هەزار شیعەی ئێرانی و لبنانی و عێراقی سەردانی سووریایان دەكرد بە مەبەستی گەشتی ئاینی بۆ سەر هەردوو مەزارگەی زەینەبی خێزانی ئیمام عەلی و روقیەی خێزانی ئیمام حوسێن.

بەڵام لە دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی كە ساڵی 2011 سووریاشی گرتەوە، دۆخی تەناهی ئەو وڵاتە ماوەی هەشت ساڵە نا ئارامە و لە شەڕی ناوخۆدایە، ئێران یەكێك بووە لەو وڵاتانەی هەر لە سەرەتاوە پشتگیری حكوومەتی بەشاڕ ئەسەدی كردووە دژ بە گرووپە چەكدارییە شۆڕشگێڕەكانی ناو سووریا كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی بەشاڕ ئەسەدیان دەدا، لە رێگەی میلیشیاكان حزبوڵای لبنانی و میلیشیا عێراقییەكان و سوپای پاسداران، رۆڵی گەورەیان بینی لە پاراستنی رژێمی ئەسەد.

 لە مانگی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری ساڵی رابردوو، گەشتی شیعەكانی ئێرانی بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا بە فەرمی دەستی پێ كردەوە، موحسین نەزافەتی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری عەتەبە پیرۆزەكان لە رێكخراوی حەج و سەردانی مەزارگە شیعەكان رای گەیاند كە ئێرانییەكان دەتوانن لە رێگەی فڕۆكەوە سەردانی سووریا بكەن بۆ گەشتی ئاینی و سەردانی مەزارگەكانی شیعە لەو وڵاتە.

چاودێران ئەو سەردانانە بە بەشێك لە پیلانی بە شیعەكردنی سووریا دەزانن، تەنانەت ئێستە شەقامەكانی دیمەشقی پایتەختی خەلافەتی ئەمەوییەكان، تەنراون بە لافیتە و درووشمی شیعەكان و بە ئاشكرا رێوڕەسمی شیعەكانی لێوە بەڕێوە دەچێت، بە تایبەت لە ناوچەكانی زەینولعابدین و سەیدە زەینەب و ئەمین و مەقام روقیە.

ئەگەر بە دیوێك ئێران هەوڵی بە شیعەكردنی دیمەشق بدات، ئەوا رژێمی ئەسەدیش سوود لە پیاوەكانیان دەبینێت كە لە گرووپی میلیشیایی رێكخراون بۆ شەڕكردن لە دژی ئۆپۆزسیۆنی سووری. جێی باسە رژێمی ئەسەد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانە، چەندان یاسا و رێنمایی پێدانی ناسنامەی بە شیعە لبنانی و عێراقی و ئێرانییەكان دەركردووە.



وشە - فه‌رمان سادق