برێگزت.. شكست بە حكوومەتەكەی مای دێنێت؟

:: PM:08:10:17/11/2018 ‌
تا دێت بازنەی ناڕەزایەتی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا فراوانتر دەبێت، بەهۆیەوە چەندان وەزیر دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و حزبی دەسەڵاتداریش لە ناوخۆیدا دووچاری دابەشبوون بووە، كەچی هێشتا سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پێداگیرە لەسەر رێككەوتنی چوونەدەرەوە و داوا لە نەیارانیشی دەكات پشتگیری بكەن، ئەگەرنا بەریتانیا بەرەو داهاتووێكی مەترسیدار دەڕوات.

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، سالێك و شەش مانگ بەسەر دانوستاندن و گفتوگۆكانی نێوان لەندەن و بڕۆكسڵ تێپەڕی تا هەردوولا گەیشتن بە رێككەوتنی چوونەدەرەوەی ئەوەی یەكەم لە یەكێتی ئەوروپا.

ئەگەرچی بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتەكەی تیریزا مای، رێككەوتنەكە پەسند كرا، بەڵام هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی پێنج وەزیر بووەتە مەترسی بەسەر حكوومەتەكەی مای، هاوكات دەنگی ناڕەزایەتی خەریكە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار دوولەت بكات.

تیریزا مای، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی هەڕەشە و رەخنەكانی پەسندكردنی رێككەوتنەكە دەڵێ، ساڵێك و شەش مانگە تیمی دانوستانكار لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە گفتوگۆدان تا بەو رێككەوتنە گەیشتوون، پێویستە هەموو لایەك پشتگیری لە رێككەوتنەكە بكات، لە پێش هەموویاندا پارتی پارێزگاران، چونكە پشتگیری نەكردن لە رێككەوتنەكە داهاتووی بەریتانیا بەرەو نادیاری و مەترسی دەبات.

رێككەوتنی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا "برێگزیت" خۆی لە 585 لاپەڕە دەبینێتەوە، هەردوولا توانیویانە گرێی ئێرلەندای باكور بكەنەوە و بگەنە رێككەوتن. بە جۆرێك ئێرلەندای باكور لە سیستەمی گومرگی یەكێتی ئەوروپا دەمێنێتەوە، ئەگەرچی بەشێكە لە شانشینی بەریتانی، بۆ ئەمەیش نێوانی ئینگلتەرا و ئێرلەندای باكور بە تەعریفەی گومرگی نوێ رێكدەخرێتەوە، ئەمەیش وادەكات بەریتانیا واژوو لەسەر چەندان رێككەوتن و یاسا بكات كە پێوەندارن بە پرسی كێبڕكێ، ژینگە، سیاسەتی كۆمەڵایەتی، ئەمانەیش هەر یەكێكیان بۆ خۆی پرسێكی ئاڵۆزن، بۆیە ئاسان نییە بتوانرێت ناكۆكییەكانی نێوان بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا بەو ئاسانییە كۆتایی پێ بهێنرێت.

ئەگەرچی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رێككەوتنەكەیان پەسند كرد، بەڵام دوای پەسندكردنەكە دووەمین وەزیری تایبەت بە برێگزیت كە بەرپرسی دۆسیەی چوونەدەرەوەی بەریتانیایە لە یەكێتی ئەوروپا دەستی لەكار كشاندەوە، هاوكات چوار وەزیری تریش هەڕەشەی دەستلەكار كێشانەوە دەكەن، هەموو ئەمانەش وای كردووە داواكاری بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران زیاتر بەرز ببنەوە چ لە ئاستی حكوومەت یان حزبەكەی، تەنانەت لیستی پارتی پارێزگاران لەناو پەرلەمانیش داوا دەكەن سەرۆك وەزیران دەستلەكار بكێشێتەوە.

هەموو ئەو گوشارانە وای كرد تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كەناڵی "بی بی سی"، راستەوخۆ روونكردنەوە و زانیاری لەسەر ناوەڕۆكی رێككەوتنە 585 لاپەڕەیەكە بە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی بدات. مای بە متمانەوە قسەی دەكرد، ئەمەیش وەك پەیامێك لێكدرایەوە كە دەستلەكار ناكێشێتەوە و بەردەوام دەبێت، بەڵام پێنجشەمی رابردوو دوای دەستلەكار كێشانەوەكان، ئاماژەی دەستلەكار كێشانەوە بە رووی ئەو وەزیرانەیش دەركەوتن كە پشتگیرییان لە رێككەوتنەكە كردووە، ئەمەیش بەهۆی نەبوونی چارەسەرێكی جێگرەوە.

رێككەوتنەكە جگە لە وەزیری تایبەت بە برێگزت، ئەوا مایكل گووف وەزیری ژینگە، لیام فوكس وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی، كریس گرایلنگ وەزیری گواستنەوە، بینی موردونت وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ئەندریا لیدسوم وەزیر و سەركردەی لیستی گەورەی پەرلەمانی، ئامادەییان نیشان دا بۆ دەستلەكاركێشانەوە و بەیەكەوە كاركردن بۆ باشتركردنی رێككەوتنامەی برێگزت.

ئەوان دەڵێن دەستلەكاركێشانەوە نابێتە هۆی باشتركردنی رێككەوتنەكە و باشتركردنی دۆخەكە، چونكە رێككەوتنەكە چووەتە گۆڕەپانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، پێدەچێ شەڕەكە لەوێ سەرەتایەكی نوێ بۆ كۆتاییهاتنی ناكۆكییەكان دابنرێت.

ئەگەرچی مای سەرۆك وەزیران دەیەوێت لە پەرلەمان پشتگیری لە رێككەوتنەكە بكات، بەڵام جاكوب ریس موگ، سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵەی لێكۆڵینەوەكانی ئەوروپی داوای لە لیژنەی 1922 كردووە كە متمانە لە تیریزا مای وەربگرێتەوە، دوای ئەوەی 48 پەرلەمانتاری حزبەكەی سەرۆك وەزیران بە فەرمی داوایەكەیان ئاراستە كردووە، تەنانەت هەوڵدەدەن لە سەركردایەتی پارتی پارێزگارانیش دووری بخەنەوە، جگە لەو ژمارەیە دەیان پەرلەمانتاری تری حزبەكە ئامادەن نامە بنێرن، بەڵام داوای دڵنیایی سەرگرتنی دەنگدانەكە دەكەن، چونكە پێویستی بە دەنگی 318 ئەندام پەرلەمانی پارتی پارێزگاران هەیە.

پێدەچێ كۆكردنەوەی 318 واژوو ئاستەم بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان پێیانوایە سەندنەوەی متمانە لە مای و دوورخستنەوەی لە سەركردایەتی حزب، لێكەوتەی خراپی بەسەر حزبەكەوە دەبێت، بۆیە هەوڵ دەدەن رێگری لەوە بكەن رێككەوتنەكە بهێنرێتە پەرلەمان.

ئەوانەی پشتگیری لە مای دەكەن، هەوڵدەدەن دژەكان بەوە رازی بكەن كە دەكرێت هەندێك بەشی رێككەوتنەكە هەمووار بكرێتەوە، ئەگەرچی سەرۆكایەتی وەزیران بە دووری دەزانن جارێكی تر بتوانن گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بكەن، ئامانجیش لەمەدا ئامادەسازییە بۆ تێپەڕاندنی رێككەوتنەكەیە لە پەرلەمانی بەریتانی.
 
 دۆخی بەریتانیا بە چەند سیناریۆیەك تێدەپەڕی، ئەگەر هاتوو مای لە پۆستەكەی بمێنێتەوە ئەوا رێككەوتنەكە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەخرێتە بەردەم پەرلەمان، بۆ تێپەڕاندنیشی پێویستی بە دەنگی 320 ئەندامی پەرلەمان هەیە، بەڵام پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە مای 244 دەنگ دەهێنێت، زیاتر لە 415 ئەندامیش دژی رێككەوتنەكە دەنگ دەدەن.

لێرەدا ئەگەر رێككەوتنەكە رەت بكرێتەوە، ئەوا مانگێك لە بەردەم مای هەیە كە تا 21ی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، پلانی جێگرەوە ئامادە بكات. پلانی جێگرەوە یان كشاندنەوەی رێككەوتنەكە و دووبارە دەستكردنەوەیە بە دانوستاندن، كە ئەمە لای ئەوروپییەكان پشتگیری لێ ناكرێت و چاودێرانیش پێیان وایە 10 جاری تریش دانوستاندن بكات لەوەی باشتر دەست ناكەوێت. ئەگەر ئەوە سەر نەگرێت ئەوا مای دەبێت پێش سەعات 11ی شەوی 29ی ئادار/ مارسی 2019 داوای دواخستنی برێگزیت بكات، ئەم رێگەیە، كاتی زۆری پێدەدات بۆ بیركردنەوە لە چارەسەرێكی گونجاو.

سیناریۆی دووەم، ئەگەر ناڕەزایەتییەكان هەر بەردەوامبێت ئەوا پێدەچێت سەرۆك وەزیران داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەم/ ینایەری 2019، بۆ ئەمەیش پێویستی بە دەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەرلەمان هەیە، یانیش زۆرینەی پەرلەمانی متمانە لە حكوومەت وەردەگرنەوە و هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام دەدرێت.

بژاردەی كۆتایی لە بەردەم مای، جارێكی تر ئەنجامدانەوەی راپرسییە لەسەر چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە برێگزت، چوونە دەرەوە بێ هیچ رێككەوتنێك یانیش لە رێگەی رێككەوتن، یانیش مانەوە لە یەكێتی ئەوروپا.



وشە - فه‌رمان سادق