ژمارەیەك لێكۆڵینەوەی ئەدەبی بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:05:05:18/11/2018 ‌
لەساڵیادی كۆچی دوای شاعیری گەورەی كورد "گۆران" بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە هەڵەبجە (دیداری گوران)ی ڕێكخست و لە دیدارەكەدا جگە لە خوێندنەوەی  دوو دەقی شیعری شاعیران كەژاڵ ئەحمەد و ئیدریس عەلی چەند پارچە میوزیك و گۆرانییەك هاتە پێشكەش كردن.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا حەوت لێكڵینەوەی ئەدەبی بڵاو كرایەوە، خالید دۆسكی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گۆران شاعیرێكی مەزنە لە ڕێڕەوی شیعری كوردیدا بە سازدانی ئەم جۆرە دیدار و چالاكیانە دەمانەوێت هەڵەبجە لە ڕووی ڕۆشنبیریە ببەینە پێشەوە.

هاوكات یاسین قادر بەرزنجی نووسەر و هونەرمەند بە "وشە"ی گوت، مامۆستا گۆران وەك چۆن ئەستێرەی درەوشاوەی ڕۆژنامەگەری  و ئەدەبیات و شیعری كوردیە بۆ هەڵەبجەیش ئەستێرەیەكی گەش و گەورەیە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا هەروەها مامۆستا گۆران خاوەنی پاشخان و كولتوورێكی دەوڵەمەندە لە ئەدەبیاتی كوردی.

جێگەی ئاماژە بۆ كردنە دیدارەكە بڕیارە سبەینێ بەردەوام بێت و چوار لێكۆڵینەوەی تر پێشكەش بكرێت لەسەر گۆرانی شاعیر.

هەڵەبجە/ شەفیق بانیشاری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم