بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستانی توانوویەتی بوون و دەسەڵاتی خۆی لەناو ئەفغانستان بسەلمێنێت، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش لەو وڵاتە و ئەنجامدانی كارە تیرۆریستییەكانی، ئێستە تاڵیبان بووەتە جێی گرنگیدانی هەریەك لە ئەمەریكا و رووسیا و ئێران بەهۆی ئەگەری زۆری بەشداریكردنی وەك لایەنێكی كارا لە پرۆسەی سیاسی لە ئەفغانستان.
زەڵمای خەلیل زاد، نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئەفغانستان بەم دواییە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، ئەمەریكا خوازیارە پێش 20ی نیسانی 2019 بگات بە رێككەوتننێكی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان، لەو كاتەی خەلیل زاد گفتوگۆی نێوان تاڵیبان و حكوومەتی ئەفغانستان لە كابووڵ بەڕێوە دەبات كە بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە لە 20ی نیسانی 2019 بەڕێوە بچێت.
ئەو دیپلۆماتكارە ئەمەریكاییە كە بە رەگەز ئەفغانستانییە ئاماژەی كرد كە تا ئێستەیش بە وریاییەوە گەشبینە و هیواخوازیشە بە گفتوگۆكان، نێردراوی ئەمەریكا دەیەوێت جەنگی 17 ساڵەی ئەفغانستان لە نێوان حكوومەتی ئەفغانستانی پاڵپشتیكراو لەلایەن رۆژئاوا و بزووتنەوەی تاڵیبان كە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە 2001 حكوومەتەكەی لەو وڵاتە رووخێندرا، كۆتایی پێ بێنێت.
مانگی رابردوو خەلیل زاد لە قەتەڕ لەگەڵ سەرانی تاڵیبان كۆبووەوە وەك هەوڵێك بۆ پاڵنان بە گفتوگۆكان بەرەو پێشەوە، بەڵام تاڵیبان هەمیشە رەتی دەكردەوە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حكوومەتی ئێستەی ئەفغانستان بە سەرۆكایەتی ئەشرەف غەنی ئەنجام بدات، بۆیە هەوڵەكانی ئەمەریكا مسۆگەركردنی دانیشتنی تاڵیبانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، لەو كاتەی تاڵیبان چەند مەرجێكی هەیە لەوانە دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ دەرچوونی هێزەكانی بیانی لەو وڵاتە و ئازادكردنی گیراوە سیاسییەكان و هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی سەر بزووتنەوەكە لەوەتەی 1997ەوە.
هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی واشنتن، لە 9ی ئەم مانگە
مۆسكۆ مێوانداری یەكەم گەڕی وتوێژی راستەوخۆی نێوان حكوومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبانی كرد لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو كە تا ئێستەیش هێزەكانی تاڵیبان هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزەكانی حكوومەتی ئەفغانستان ئەنجام دەدەن.
ئەو هەوڵانەی رووسیا هاوكاتن لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باس لە چوونی ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی رێكخراوی داعش لە سووریا و عێراق و چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەفغانستان، كە رووسیا بە هەڕەشەی بۆ سەر خۆی دەزانێت، رووسیا دوو ساڵە خەریكی رێكخستنی گفتوگۆیە لە نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ئەفغانستان بە بەشداری وڵاتانی ناوچەكە، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە ئەنجامێكی دیاریكراو و نەخشەرێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە دیاری بكرێت.
رووسیا لەو رێگەوە دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان رێگرتن لە دەسەڵاتەكانی رێكخراوی داعش لەناو ئەفغانستان، كە مۆسكۆ پێشبینی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رێكخراوەكە لە نزیك سنوورەكانی لەناو ئەو وڵاتە دەكات، دووەم سنوورداركردن و رێگرتن لە جموجۆڵەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، چونكە دوای 17 ساڵ لە ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە تا ئێستە دۆخی ئەو وڵاتەی ئاسایی نەكردووەتەوە سەرەڕای زۆری خەرجییە سەربازییەكانی كە گەیشتووەتە ترلیۆنێك دۆلار. بۆیە رووسیا گومانی لە هەوڵەكانی ئەمەریكا هەیە بە چارەسەركردنی دۆخی ئەو وڵاتە.
ماڵپەڕی "دیپلۆماسیەت"ی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژە دەكات كە حكوومەتی ئێران پێی وایە بزووتنەوەی تاڵیبان لە رێكخراوی داعش مەترسی كەمترە و ئەوەیش وای كردووە كە پاڵپشتی لێ بكات، سەرەڕای نەیاریان بەهۆی جیاوازی مەزەوییەوە.
دوای نەمانی هیواكانی ئێران بە كۆنترۆڵكردنی گەرووی بابولمەندەب لە رێگەی حوسییەكانی یەمەن، تاران هەوڵی توندكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان دەدات، ئەوەیش بەمەبەستی یاریكردن لەگەڵ ئەمەریكا و كردنی ئەفغانستان لە رێگەی تاڵیبانەوە بە كارتێكی گفتوگۆكردن، جیا لە رێگرتن لە داعش لە رێكخستنی سوننەكانی ئێران.
مەلا زەبیحوڵا گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لەو بارەوە دەڵێت، بزووتنەوەكە خاوەن پێوەندی باشە لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی لێكگەیشتنی ناوچەیی، وەك ماڵپەڕی "ئەلعەرەبییە" لە 30 تشرینی یەكەمی 2016 بڵاوی كردەوە.
تاران پێشبینی دەكات كێشەی ئەفغانستان كۆتایی بێت و بزووتنەوەی تاڵیبان بچێتە ناو حكوومەتی یەكێتیی نیشتیمانی، بۆیە ئەو هیوای وایە كە ئێستە پێوەندی باشی لەگەڵ هەبێت و دەستیشی بەسەر زاڵبێت و شوێن پێیەكی بۆخۆی لەناو ئەفغانستان بكاتەوە، بەتایبەتی كە بەمدواییە چەندان وڵات كەناڵی پێوەندیان لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان كردەوە، وەك ئەمەریكا و چین و پاكستان، ئەوەیش بەمەبەستی دانانی سنوورێك بۆ تەنگژەی ئەفغانستان كە بووەتە مایەی نیگەرانی ناوچەكە و دنیا.
رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆراڵ" لەو بارەوە دەڵێت، لە ماوەی رابردوو تاران سووربووە لەسەر پتەوكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان بە شێوەیەكی نهێنی و دوور لە رووناكی و ئێستەیش مووچەی بەشێك لە چەكدارانی ئەو بزووتنەوەیە دەدات و چەكیان دابین دەكات.
رۆژنامەكە لە بەرپرسانی ئەفغانستانی و ئەروپایی دەگوازێتەوە، ئێران دوو ئامانجی لەو كارە هەیە، یەكەمیان رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئەمەریكا لە ناوچەكە و دووەم دروستكردنی قورساییەكی جۆری بۆ خۆی بۆ كێبەركێكردنی قوڕسایی داعش دوای گەیشتنی دەسەڵاتی بۆ ناو خاكی ئەفغانستان.
رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ رەهەندێكی ستراتیجی لەو هەنگاوەی ئێران كرد لە سایەی پەرەسەندنی جموجۆڵی سەربازی تاڵیبان و ئاسۆی گفتوگۆكانی لەگەڵ حكوومەتی كابووڵ، بۆیە ئەگەری گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و بەشداریكردنی لە فەرمانڕەوایی ئەفغانستان هەیە.
لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین كە گەیشتن بە چارەسەری بۆ دۆخی ئەفغانستان كارێكی سەختە لە سایەی ئەو دۆخەی ئێستە، بەتایبەتی هیچ ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوە لە چارەسەری و تەوافوقێكی نیشتیمانی نییە، ئەوەیش لە سایەی پەرەسەندنی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێوەست بە گۆڕانكارییەكانی سیاسی و مەیدانی لە ئەفغانستان.