مەترسی داڕووخانی لێدەکرێت.. ملیاران دۆلار سەرمایەگوزاری لە توركیا پاشەكشە دەكات


تا ئێستە ئابووری توركیا سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە، دوای دابەزینی بەهای لیرە بە ڕێژەی 40% و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری، ئابووری ئەو وڵاتە گورزێكی تری كوشندەی بەر دەكەوێت. پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆنیش ئاماری كشاندنەوەی ملیاران دۆلاری لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی بیانی و بردنەدەرەوەی ملیاران دۆلاری بازرگانە توركەكانی بۆ دەرەوە ئاشكرا كرد.

ئەكیوت ئەردوغدو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن لە توركیا، ئاماری تایبەت بە بودجەی وەبەرهێنانی بیانی لە توركیا راگەیاند كە بودجەی ئەو پارانەیە وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان لەگەڵ خۆیان دەیهێننە توركیا، لەگەڵ ئەو پارەیەی بازرگان و وەبەرهێنە توركەكان بردوویانەتە دەرەوە لە ترسی دابەزینی بەهای لیرە بەرانبەر بە دراوی بیانی.

ئەردوغدو دەڵێ، بەپێ ئامارەكانی نۆ مانگی رابردووی ئەمساڵ، زیاتر لە 20 ملیار دۆلار لە قەواڵەی دارایی و حەواڵە و سەرمایەی خەوێنراو لە بانكەكانی توركیا، بردراوەتە دەرەوەی وڵات، ئەوەیشی خستەڕوو سەرمایەی بیانی كە ساڵی 2018 هاتووەتە ناو توركیا سێ هێندە بە بەراورد بە ساڵی 2017 كەمی كردووە.

راگەیاندنی ئەو ئامارە لە كاتێكدایە پێنجشەمی رابردوو حكوومەتی توركیا بەرز بوونەوەی رێژەی بێكاری راگەیاند كە ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە بەرانبەر بە دراوە بیانییەكان 40%ی بەهاكەی لە دەست داوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی حكوومەت، رێژەی بێكاری لە توركیا لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، لە 10.6%  بۆ 11.1% بەرز بووەتەوە.

ئاژانسی پۆڵینی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە بارەی گەشەپێدان لە توركیا رایدەگەیەنێ كە ساڵێكی پڕ ناخۆشی چاوەڕوانی ئابووری توركیا دەكات، بەتایبەت دوای ئەوەی لیرەی توركی خراپترین دابەزینی لەمساڵدا تۆمار كرد.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "بلومبێرگ"ی تایبەتمەند بە ئابووری، كە زانیارییەكانی لە ئاژانسی پۆڵینی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، باس لەوە دەكات ئەو دابەزینەی لیرەی توركی لە 2018 بەخۆیەوە بینی لێكەوتەی نەرێنی بەسەر ئابووری توركیا دەبێت لە ساڵی 2019، بەتایبەت كاتێك گەشەپێدانی بازاڕ لە توركیا رووی لە كزی كردووە. هاوكات سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی دەڵێ توركیا لە ئابووری توركیا لە 2019 بە رێژەی 0.4% دادەبەزێت، لەو كاتەی ئەمساڵ 3.5% بووە.

هاوكات بەگوێرەی راپۆرتێكی تری كۆمەكی نێودوەڵەتی "IIF" ئاماژە بە پاشەكشەیەكی گەورەی سەرمایەگوزاری لە توركیا دەكات بە تایبەت لە مانگی ئاب و ئەیلوولی رابردوو. لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بەرێژەی 80% سەرمایەگوزاری لە ئابووری توركیا پاشەكشەی كردووە بە هەمان ماوە لە ساڵی 2017ی رابردوو.


 
"IIF" لە راپۆرتەكەیدا تیشك دەخاتە سەر 23 وڵات كە ئابوورییەكەیان لە گەشەسەندندایە، لەوانە توركیا، ئەرژەنتین، چین، بەڕازیل، هیندستان، مەكسیك، رووسیا، باشووری ئەفریقیا، روونی دەكاتەوە تەنیا لە مانگی ئابی رابردوو كۆی گەشەی ئابووری لە توركیا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە، لە هەمان مانگدا لە ساڵی 2017 بڕەكە 13 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بووە، بەمەیش گەشەی ئابووری توركیا بە رێژەی 84% پاشەكشەی كردووە.

هاوشانی توركیا، ئەوا وڵاتانی ئەمەریكای لاتینیش گەشەی ئابووری تێیدا پاشەكشەی گەورەی كردووە، هەر وڵاتێك لەوانە بە بڕی سێ ملیار و 100 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری بیانی لێی چووەتە دەرەوە.

هاوكات رێژەی هەڵاوسان لە توركیا لە مانگی ئابی رابردوو بەرزترین ئاستی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو تۆمار كردووە كاتێك رێژەكە گەیشتە 17.9%، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پێشبینییەكانی بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی توركی بەرانبەر بە دراوی بیانی، كە لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستە زیاتر لە 40%ی بەهاكەی خۆی لە دەستداوە.
 
بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا، هەروەها سەپاندنی باج لەسەر چەند كاڵایەكی هاوردەی توركی بۆ ئەمەریكا بە تایبەت ئەلەمنیۆم و ئاسنی پۆڵا، وردە وردە گەشەسەندی ئابووری توركیا متمانەی لە دەستدا، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا ئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە دەروازیەكی نوێ بە رووی توركیا بكاتەوە كە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو دادگای توركیا بڕیاری ئازادكردنی دەركرد، بەڵام دوای مانگێك ئابووری ئەو وڵاتە هیچ گەشەسەندنێكی تۆمار نەكردووە.

ئەوەی ئێستە لە توركیا روودەدات، پێشتریش ساڵی 2016 لە دوای كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی مانگی حوزەیران، ملیاران دۆلار لە ئابووری توركیا چووە دەرەوەی وڵات. بانكی ناوەندی توركی ئەوكات رای گەیاند سەرمایەی بیانی بە بڕی 69 ملیار دۆلار لە ماوەی ساڵی 2015 بۆ 2016 پاشەكشەی لە توركیا كردووە.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە كە زۆرێك لە وەبەرهێنەرانی بیانی كە لە توركیا نیشتەجێن، بەهۆی داڕوخانی باری تەناهی خۆیان و سەرمایەكانیان توركیایان جێهێشتووە، لەو 69 ملیار دۆلارە، 29 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری تەنیا لە فرۆشتنەوەی پشكی كۆمپانیا بیانییەكان بووە كە پارەكەی چووەتە دەرەوەی وڵات، هاوكات 44 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاریش كۆی سەرمایەی وەبەرهێنان بووە كە لە توركیا بردراوەتە دەرەوە.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:08:32:18/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 526 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌