بەم نیشانانەدا بزانە کەسی بەرانبەر درۆ دەکات

:: PM:09:07:18/11/2018 ‌
زۆرجار ئاسان نییە بزانی کە کەسی بەرانبەر قسەی ناڕاستت پێ دەڵێت یا ڕاستگۆیە، بەڵام بەم نیشانە دیارانە بەئاسانترین شێوە دەتوانیت دەستینیشانی بکەیت کە ئایا کەسی بەرانبەر ڕاست دەڵێت یان نا.

لیلیان گڵاس پزیشکی لێکۆڵەر لە هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ و پسپۆڕی زمانی جەستە ڕای دەگەیەنێت لەکاتی دیاریکردنی ئەوەی کەسێک درۆ دەکات یان ڕاست، پێویست سەرەتا بزانیت ئەو کەسە هەڵسوکەوتەکانی بەشێوازێکی ئاسایی چۆنە، هەندێک نیشانەی درۆکردن دەکرێت بەسرووشتی لە هەڵسوکەوت و کەسایەتی هەندێك کەسدا هەبێت بێ ئەوەی درۆیش بکەن.

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی ئەم نیشانانە بەڵگەی یەکلاکەرەوە نین بەڵکو دەرخەری گونجاو و ئەگەری ئەوەن کە کەسێک درۆ دەکات، بەم نیشانانە بزانن:

یەکەم: ئەو کەسانەی ناڕاست دەڵێن بەخێرایی و لەپڕ سەریان دەجووڵێنن و شوێنی دەگۆڕن.
دووەم: هەناسەیان لێ دەبڕێت و بەقورسی هەناسە دەدەن، هەروەها شانیان بەرز دەبێتەوە.
سێیەم: لەشوێنی خۆیان ڕەق ڕادەوەستن و هیچ جووڵەیەک ناکەن.
چوارەم: ئەو وشە و دەستەواژانەی بەکاری دێنن چەند جارێک دووبارەی دەکەنەوە، بۆ نموونە، "من نەبووم، نا من نەبووم"
پێنجەم: زانیاری زیاتر و زیادەت پێدەدەن و باسی وردەکاری دەکان لەکاتێکدا لەوانە تۆ داواشت نەکردبێت.
شەشەم: لەوانەیە دەستکاری دەمیان بکەن یان دای پۆشن بەدەستیان.
حەوتەم: لەوانەیە بێئەوەی خۆیان هەست بکەن دەست بخەنە سەر قوڕگ، سنگ، سەر یان سکیان.
هەشتەم: قاچیان زۆر دەجووڵێنن و دەی لەرزێنن.
نۆیەم: لەوانەیە بەلایانەوە گران بێت قسە بکەن.
دەیەم: لێت دەڕوانن بەبێ ئەوەی چاوەکانیان زۆر بتروکێنن.
یانزەیەم: بە پەنجەکانیان ئاماژە زۆر دەکەن بە شتەکانی چواردەور یان ئەو شتانەی دەیانەوێت باسی بکەن.


وشە/ محەمەد شابان




وشە - سه‌رخێڵ هاشم