نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:09:27:19/11/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كرایەوە و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازاڕەش نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 66 دۆلار و 98 سەنت داخرا، بەڵام ئێستە بە 67 دۆلار و 19 سەنت دەفرۆشرێت.

لە سێ رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردوو چارتی نرخی رۆژانەی نەوت بە رەنگی سەوز تۆمار كرابوو و دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندان هەفتەی لەدوای یەك نرخەكەی دابەزی. لە سێ رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت لە 65 دۆلار و 66 سەنتەوە بەرز بووبووەوە بۆ نزیكەی 67 دۆلار.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكیش كە لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو بۆ 55 دۆلار دابەزیبوو، ئێستە بە 57 دۆلار و 23 سەنت بەرز بووەتەوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كە سەرەتای مانگی رابردوو نرخی نەوت بۆ 87 دۆلار هەڵكشا، بۆیەش وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت نیگەرانی خۆیان لەو ئاستە زۆرەی دابەزینی نەوت دەربڕی. سعوودیە بڕیاری داوە لە مانگی داهاتووەوە رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوت كەم بكاتەوە.

جگە لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمەریكا و ئەو دەرفەتەی ئەمەریكا بە هەندێك وڵاتی داوە نەوتی ئێران بكڕن، یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشبینی دەكرێ ئاستی داخوازی بۆ سەر نەوتی دنیا كەم ببێتەوە و پێشتر پێشبینی دەكرا ساڵی داهاتوو ئاستی داخوازی بە بڕی ملیۆنێك و 290 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە، بەڵام پێشبینییەكە 70 هەزار بەرمیل كەمتر بووەتەوە.

سیاسەتی ئەمەریكا ئەوەیە لە لایەك نرخی نەوت نزم بكاتەوە و لە لایەكی تریش رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە لەو كاتەدا كاریگەریی سزاكان زیاتر دەبن.



وشە - سلێمان تاشان