فوئاد حوسێن: بەمنزیكانە بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكەین

:: AM:09:55:19/11/2018 ‌
لە كاتێكدا بودجەی 2019 لە پەرلەمانی عێراقە و مشتومڕی لەسەر هەیە، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق رای گەیاند وەزارەتەكەی ئامادەكاری دەكات بۆ رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی عێراق رای گەیاند، بەمنزیكانە بودجەی 2019 رەوانەی پەرلەمان دەكەن.

وەزیری دارایی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، كە ئامادەی چەندان كۆبوونەوە بووە لەگەڵ زۆر لە كەسایەتییەكان لەوانە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانی كابینەی حكوومەت و شاندەكانی پەرلەمانی عێراق و شاندی هەرێمی كوردستان و لایەنی تریش لەسەر بودجەی 2019ی عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو وەزارەتەكەی بەمنزیكانە بودجەی 2019 رەوانەی پەرلەمان دەكەن.

تویتەكەی وەزیری دارایی لە كاتێكدایە حكوومەتی پێشتر عەبادی بودجەی 2019ی ئامادە كردبوو، وەك میراتێكی پڕ لە كێشە بۆ حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی بەجێی هێشت كە نزیكەی 20 رۆژە لە پەرلەمانی عێراقە بەهۆی ناڕەزایەتی زۆرینەی لیستەكانی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكراوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بەهۆی ناڕەزایەتی لیستەكانی ناو پەرلەمان نەیخستووەتە كارنامەی دانیشتنەكانی ئەگەرچی سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی كراوەی بە پەرلەمان دابوو لە دەستكاریكردنی.

فواد حوسێن وەزیری دارایی لە تویتەكەیدا ئاماژەی بەوە نەداوە كە حكوومەتی عێراق بڕیاری گەڕاندنەوەی بودجەكەی عەبادی داوە یان نا كە ئێستە لە رەفەكانی پەرلەمانی عێراق دایە.



وشە - فه‌رمان سادق