لەسەر پرسی گومرگەكان شاندێكی عێراق گەیشتە هەولێر

:: AM:10:42:19/11/2018 ‌
شاندێكی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەسەر پرسی گومرگەكان و ڕێكخستنی وێنەی گومرگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی گومرگی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تشرینی دووەم، شاندێكی عێراق بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر یەكخستنی پێناسی گومرگی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێرە و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پێوەندی بە ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان كرد، ئەو بەهۆی سەرقاڵی لەگەڵ شاندەكەی عێراق دەرفەتی نەبوو بۆ گفتوگۆ.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی بەرێوەبەرایەتییەکە بە "وشە" دراوە، گفتوگۆ لەسەر وێنەی گومرگی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت بەمەبەستی یەك پێناسی گومرگی هەبێت و بازرگانان و هاووڵاتییانیش ئاشنابن بە بڕی گومرگی دیاریكراو بۆ هەر كاڵایەك، ئەو جیاوازییە نەمێنێت لەهەر بازگەیەك بەجۆرێك باج وەردەگیرێت.

باسكردن و لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكێكی تر دەبێت لە گفتوگۆكانی نێوان شاندە هاتووەكەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دوای ئەنجامدانی ڕێككەوتنی نێوانیان لە هەفتەی ڕابردوودا.



وشە - رامیار جەواد