هونەرمەندی كورد "سەعید گاباری" لە سنووری شارۆكەی بەردەڕەشی سەر بە دهۆك تووشی رووداوێكی هاتوچۆ دەبێت، ئێستە تەندروستی باشە.
ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تشرینی دووەم، ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم دەوروبەری سەعات 10ـی بەیانی هونەرمەند سەعید گاباری لەسەر رێی گشتیی نێوان شارۆكەی بەردەڕەش و پارێزگای هەولێر لە سنووری پارێزگای دهۆك، تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بوو.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی دهۆك گوتی، بەهۆی ئەو رووداوە خۆی و شوفێرەكەی بریندار بوون، برینەكەی گاباری زۆر سووكە و تەندروستی ئەو جێگیرە، بەڵام باری تەندروستی شوفێرەكەی باش نییە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كراوە بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.
بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆك، ئەمساڵ تا ئێستە 907 رووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك روویان داوە و لە ئەنجامدا 944 كەس بوونەتە قوربانی، لەوانە 99 كەس گیانیان لە دەست داوە و ئەوانی تر بریندار بوون، هەزاران ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیش تێكشكێنراون و زیانێكی زۆری مادییان پێ كەوتووە.
بەردەڕەش/ نەوزاد هلۆری