گەندەڵییەكانی كڕین و فرۆشتنی پۆستە باڵاكان لە حكوومەتەوە دەپەڕێتەوە بۆ پەرلەمان

:: PM:03:22:19/11/2018 ‌
تا دێت حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی لە رێچكەی خۆی دوور دەكەوێتەوە، دەستنیشان كردنی هەشت وەزیرەكە سەرەتای شكستی سەرۆك وەزیران دەبێت بەرانبەر بە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكراتی نا حزبی، لەوە زیاتر فرۆشتنەوەی پۆستەكان زیاتر شكۆی لەكەدار دەكات. هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانیش داوای وەزارەت دەكەن.

ئەگەرچی سەركردە سیاسییەكان بە بەردەوامی تۆمەتی فرۆشتنی پۆستی وەزارەتەكان و سەرۆك دەستەكان و پلە باڵاكان و ئەندام بوونی پەرلەمان و بوون بە سەرۆكی لیژنەكانی رەت دەكەنەوە، بەڵام بەرپرسان لە بەغدا و پەرلەمانتارانیش دووپاتی دەكەنەوە كە بازنەی فرۆشتنی پۆستەكان فراوانتر بووە و كڕین و فرۆشتنی بە ملیۆنان دۆلار پێ دەكرێت، تەنانەت قسە لەسەر فرۆشتنی بوون بە ئەندامی پەرلەمانیش دەكرێت بەرانبەر بە سێ ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی زانیارییەكان هێزە سوننەكان زۆرترین چاویان لەسەرە لە كڕین و فرۆشتنی پۆستەكان و پشكیان لە حكوومەت لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە پاش 2003. ئەمڕۆ دووشەم 19ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، قسە لەسەر فرۆشتنی سەرۆك لیژنەكانی پەرلەمان پەردەی لەسەر هەڵماڵدرا، بەتایبەت سەرۆكی لیژنەی یاسایی و دارایی.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان كردووە، لیژنەكانی پەرلەمانی دابەشی سەر چەند بەشێك دەكرێن، گرانترینیان لیژنەی دەستپاكی و تەناهی و بەرگرییە، پاشان لیژنەی نەوت و وەبەرهێنان، ئینجا لیژنەكانی دارایی و پێوەندییەكانی دەرەوە، دوای ئەوانەش لیژنەكانی كۆچ و خزمەتگوزاری و كاروباری پارێزگاكان، دواهەمینیش لیژنەی ژینگە و ژنان و مافەكانی مرۆڤ دێت لە رووی نرخ و بەهای كڕین و فرۆشتنەوە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ناكۆكی و ململانێكان لەسەر سەرۆكایەتی لیژنەكان نێوانی لیستە جیاوازەكانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ناو خودی لیستەكانیش، ئەمەیش زیاتر لەناو هاوپەیمانی فەتح رەنگی داوەتەوە لەنێوان لیستی بەدر و سادقون كە قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكات، لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەركردایەتی دەكات، لەولاش هاوپەیمانی سائیڕوون كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات، كۆی ئامانجی ئەوانیش دەستخستنی سەرۆكایەتی لیژنەكانە تا لە رێگەیەوە گوشار لەسەر وەزیر و سەرۆك وەزیران دروست بكەن.

سەرچاوەیەك كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، دەڵێ جولانەوەیەكی چڕ هەیە لەلایەن عەلی سەجری كە بكرێت بە سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی، بۆ ئەمەیش كۆمەڵێك پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح هەوڵی رازی كردنی ئەوانی تر دەدەن تا سەجری بكرێتە سەرۆكی لیژنە هاوشێوەی دەستەوارەی محەمەد حەلبووسی كە بوو بە سەرۆكی پەرلەمان.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە سەجری پارەیەكی زۆری تەرخان كردووە بیدات بە هەر ئەندامێكی لیژنەكە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەو دەنگ بدات تا بكرێت بە سەرۆكی لیژنەكە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی توندی لەلایەن هاوپەیمانی سائیڕون لێ كەوتووەتەوە بەتایبەت سەباح ساعدی كە پێشتر سەرۆكی لیژنەكە بووە.

تەلال روبێعی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چاكسازی دەڵێ پێویستە سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دوور بێت لە پشك پشكێنەی حزبی و سیاسی و كەسێكی شارەزای بكرێت بە سەرۆكی لیژنەكە، چونكە لیژنەكە پێوەندارە بە هەموو وەزارەتەكان و هەموو دامەزراوەكان، بۆیە ناكرێت سەرۆكی لیژنەكە بە پشك پشكێنە بێت كە بووەتە هۆكاری ئەوەی عێراق ببێت بە گەندەڵترین وڵات.
 
لای خۆیەوە عەلی بەدری لە رەوتی حكمە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە گوشاری زۆر و سازشیش هەیە لەسەر پۆستە گرنگەكانی ناو پەرلەمان، گوتی "نەمدیوە كڕین و فرۆشتنی پێ بكرێت بەڵام رێككەوتنی سیاسی هەیە لەنێوان هێزە سیاسییەكان بۆ یەكلایی كردنەوەی سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری".
 
لەسەر ئاستی پۆستەكانی حكوومەتیش، فەرمانبەرێكی پلە باڵا لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، رای گەیاند كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران رای سپاردوون بەدواداچوون بكەن لەسەر پرسی فرۆشتنی پۆستی وەزارەتەكانی حكوومەت بە تایبەت پۆستی وەزارەتی بەرگری و پەروەردە و كۆچ و كۆچبەران كە سێ لەو وەزارەتانەن لە كۆی ئەو هەشت وەزارەتەی هێشتا كاندیدەكانیان یەكلایی نەكراونەتەوە و پۆستەكانیان بەتاڵن.

هەر پێوەند بە حكوومەتی عێراق،  ئێستە هێزە سوننەكان لەسەر كاندیدێك بۆ وەزارەتی بەرگری نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، پەرلەمانتارێكی سوننە گەندەڵییەكانی كڕین و فرۆشتنی پۆستەكە ئاشكرا دەكات.

چاوەڕوان دەكرێت رۆژی چوارشەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كاندیدی شەش وەزارەتی تر بباتە پەرلەمان، شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ ناكۆكن، سوننەكانیش لەسەر وەزارەتی بەرگری هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەگەرچی بەگوێرەی زانیارییەكان دانوستاندن لەسەر ئەو پۆستە لە ئوردن بەردەوامی هەیە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای دەكات، كەسایەتییەكی سوننە 30 ملیۆن دۆلاری داوە بەرانبەر بەوەی هێزە سوننەكان كاندیدی بكەن بۆ پۆستی وەزیری بەرگری.

ئەو سەرچاوەیەی كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، روونی دەكاتەوە كە ململانێیەكانی هێزە سوننەكان لەسەر وەزارەتی بەرگری بەردەوامی هەیە، ئەمەش وایكردووە سەركردە سوننەكان لە كۆبوونەوەكانیان لە ئوردن، پۆستەكە بخەنە زیادكردنی ئاشكرا و تا ئێستەش نرخەكەی گەیشتووەتە 30 ملیۆن دۆلار كە كەسایەتییەكی سوننە ئامادەیی دەربڕیوە بەرانبەر بەوەی بیكەن بە وەزیری بەرگری، 30 ملیۆن دۆلار دەدات. سەرچاوەكە گوتی "ئەو كەسەی ئامادەیی دەربڕیوە 30 ملیۆن دۆلار بدات، لەلایەن توركیا و قەتەڕ پشتگیری دەكرێت".

پێوەند بە كڕین و فرۆشتنی وەزارەتی بەرگری، عەبدولڕەحمان لوێزی پەرلەمانتاری پێشتری سوننە ئاشكرای دەكات، تەنیا فرۆشتنی گرێبەستی دابینكردنی خۆراك بۆ وەزارەتی بەرگری، ساڵانە ترلیۆن و 300 ملیار دینارە كە زیاتر لە ملیارێك دۆلار دەكات.

لوێزی لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی نووسیویەتی، سەلیم جبووری بەرانبەر بە پێدانی گرێبەستی دابینكردنی خۆراك بۆ وەزارەتی بەرگری، لە كابینەی حەیدەر عەبادی سازشی بۆ خالید عوبێدی كرد بكرێت بە وەزیری بەرگری.

گوتی "ئەگەر سەلیم جبووری سەرۆكی پێشتری پەرلەمان كە كاندیدە بۆ وەزارەتی بەرگری، ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەو گرێبەستی كڕینی خواردن بۆ وەزارەتەكەی كە ترلیۆنێك و 300 ملیار دینارە دەدات بە كێ؟ ئەی گرێبەستی كڕینی هەمەڕ كە قازانجی سافی 260 ملیۆن دۆلارە دەدات بە كێ؟".

ئاشكرابوونی كڕین و فرۆشتنی پۆستەكان لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر ئەو پرسە رای گەیاند كە سەرۆك وەزیران بەدوای راستی و دروستی پرسی كڕین و فرۆشتن بە پۆستەكان دەكەوێت.



وشە - فه‌رمان سادق