پڕۆژەكەی ترەمپ كێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل چارەسەر دەكات؟

:: PM:04:48:19/11/2018 ‌
ئەگەرچی بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تەلئەبیب بۆ قودس لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، توڕەیی و نیگەرانی هەموو پێكهاتە فەڵەستینییەكانی لێكەوتەوە، تەنانەت وڵاتانی ئیسلامیش بەو هەنگاوەی ترەمپ تەواو توڕە و نیگەران بوون، ئەمجارە سەرۆكی ئەمەریكا بە دەستەوارەی سەدە هەوڵی كۆتایی هێنان بە كێشەی نێوان فەڵەستینییەكان و ئیسڕائیلییەكان دەدات كە لە ساڵی 1948 ەوە تا ئێستە بەردەوامە.

بەگوێرەی زانیارییەكان لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوەی یەكلا كەرەوە لەگەڵ گەورە راوێژكارانی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە ئەنجام دەدات لە پێناو گفتوگۆكردن لەسەر ناوەڕۆكی پلانی كۆشكی سپی بۆ ئاشتەوایی نێوان فەڵەستینییەكان و ئیسڕائیلییەكان كە بە "دەستەوارەی سەدە – صفقە القرن" ناسراوە، هەر لەم هەفتەیەشدا هەوڵدەدات كاتی راگەیاندنی دەستەوارەی سەدە ئاشكرا بكات.

تیمی "ئاشتەوایی" لە كۆشی سپی بە سەركردایەتی جارید كۆشنەر راوێژكاری یەكەمی دۆناڵد ترەمپ و كە لە هەمان كات زاوایەتی، هەروەها جیسۆن گرینبلات نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ماوەی دوو ساڵە كار لەسەر پلانەكە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكان، پلانەكە ئامادەیە بۆ راگەیاندنی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لە مانگی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری داهاتوو یان شوبات/ فێبرایەری 2019 رای بگەیەنێت، لەم ماوەیەشدا رای راوێژكارانی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لەسەر پلانەكە وەربگرێت.

یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دواخستنی راگەیاندنی پلانەكە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، دەگەڕێتەوە بۆ تەنگژەی ئێستەی نێوان ئیسڕائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، هاوكات تەنگژەی ناوخۆی ئیسڕائیل كە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت.

چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەكانی چەند رۆژی داهاتووی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و راوێژكارانی، هەریەكە لە ئامادەكارانی پلانەكە، جارید كۆشنەر و جیسۆن گرینبلات، جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە یان بەرپرسێكی پلە باڵای وەزارەتی دەرەوە ئامادەی كۆ بوونەوەكە ببن، هاوكات دەیڤید فرێدمان باڵوێزی  ئەمەریكا لە ئیسڕائیل بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەكە گەڕاوەتەوە بۆ واشنتن.
 
ئەگەرچی بەگوێرەی زانیارییەكان بەشی زۆری كۆبوونەوەكان لەسەر دەستنیشان كردنی كاتی راگەیاندنی پلانەكەیە، بەڵام گفتوگۆ كردن لەسەر ناوەڕۆكی پلانەكەش دەكرێت، ئەوە لە كاتێكدایە ترەمپ مەبەستیەتی زوو دەستەوارەی سەدە رابگەیەنێت بەڵام راوێژكارەكانی هۆشداری دەدەن لە رووی كاتەوە و لەسەر ئەمەش لەگەڵ ترەمپ ناكۆكن و بۆچوونی جیاوازییان هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەكان هەفتەیەك پێش سەرهەڵدانی شەڕ و ئاژاوە لەنێوان ئیسڕائیل و بزووتنەوەی حەماس، دۆناڵد ترەمپ بەنیاز بوو دەستەوارەی سەدە رابگەیەنێت، بەڵام تەنگژەكانی ناو ئیسڕائیل  و مشتومڕ لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت هۆكاری سەرەكی دواخستنی راگەیاندنی دەستەوارەكە بوو، راوێژكارانی ترەمپ كۆكن لەسەر ئەوەی راگەیاندنی پلانەكە لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسڕائیل هەڵەیە و كاریگەری بەسەر هەڵبژاردنەكە دروست دەكات.

فرێدمان باڵوێزی ئەمەریكا لە ئیسڕائیل پێی باشە سەرۆكی ئەمەریكا پەلە نەكات لە راگەیاندنی دەستەوارەی سەدە و دوای بخات تا پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسڕائیل، گوتی "ئەگەر زووتر رابگەیەنرێت و لایەنێك تەبەنی بكات ئەوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسڕائیل وەك راپرسییەكی لێ دێت لەسەر دەستەوارەی سەدەی كۆشكی سپی ئەمەریكی بۆ ئاشتەوایی لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین".

هەوڵەكانی كۆشكی سپی بۆ راگەیاندنی دەستەوارەی سەدە لە كاتێكدایە مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتداری فەڵەستینی دووپاتی لە رەت كردنەوەی دەستەوارەی سەدە كرد و پێداگیر بوو لەسەر ئەوەی كە قودسی رۆژهەڵات دەبێت بكرێت بە پاتەختی دەوڵەتی فەڵەستین.
  
هەر پێوەند بەو پرسە كەناڵی دەیەمی ئیسڕائیلی ئاشكرای دەكات كە دوو مانگ پێش ئێستە ئیدارەی كۆشكی سپی وادەی گەنگەشەكردنی دەستەوارەی سەدە دانراوە، بەڵام تەنگژەی ئیسڕائیل كاریگەری لەسەر دەستەوارەكە دەبێت.

لە بارەی دەستەوارەكەش بەگوێرەی توێژینەوەیەك ئاماژە بەوە دراوە كە راگەیاندنی دەستەوارەكە كاریگەری لەسەر رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رای گشتی دروست دەكات، بۆیە ئەگەری زۆرە راگەیاندنی دەستەوارەكە دوا بخرێت بەهۆی تەنگژەی حوكمڕانی ناو لایەنە سیاسییەكانی ناو ئیسڕائیل لەسەر دەسەڵات.



وشە - فه‌رمان سادق