ئەو رۆمانە بچووكانەی حزبه‌ كوردییه‌كانیان تووڕە كرد

:: AM:08:56:20/11/2018 ‌

كاتێك خەریك بووم كتێبی "من شیوعی بووم"ی بەدر شاكر سەیابم وەردەگێڕایە سەر زمانی كوردی، بیرم لەوە دەكردەوە، ئاخۆ نووسەرانی كوردیش بەدەست حزبەكانیانەوە ئەو مەینەتییانەیان بینیوە كە سەیاب بەدەست حزبی شیوعییەوە بینیویەتی؟ ئایا حزبی كوردیش بە تەنیا تێكستێك شێت و هار دەبێت و جەنگ لە دژی نووسەری تێكستەكە رادەگەیەنێ‌ و كادر و میدیاكانی خۆی لێ‌ هار دەكات بە ئامانجی ئەوەی ناشیرینی بكەن؟ یان ملكەچی ئیرادەی خۆی بكات؟.

نووسەرێكی كورد بابەتێكی لەسەر "من شیوعی بووم"ی سەیاب نووسیوە و باسی لەوە كردووە، گۆرانی شاعیریش هەمان مەینەتی لەگەڵ حزبی شیوعی هەبووە، بەڵام وەك سەیابی شاعیری عەرەبی عێراقی فریای ئەوە نەكەوتووە دەردەدڵ و رەخنەكانی هەڵبڕێژی، نازانم بەڵگەی نووسەرەكە چی بوو، قسەم لەسەر ئەوە نییە، بەڵكو نەك گۆران لە سەردەمێكی زۆر نزیكتر، چەند ئەدیبێكی كورد كەوتوونەتە بەر پەلاماری تووڕەیی حزب، بەڵام چ حزبێك؟ ئەو حزبانەی خۆیان بە هەڵگری بیروباوەڕی پێشكەوتنخوازی دەزانن، ئەو حزبانەی لە ڕووكەشدا بایەخ بە فیكر و ئەدەب دەدەن و وەها لە كادر و ئەندامەكانیان دەگەیەنن، وا سەیری سەركردەكانی حزب بكەن كە رۆشنبیری بە توانا و بیرمەندی گەورەن.

لێرەدا چەند نموونەیەكی زەق دەهێنمەوە كە دەكرێ لە داهاتوودا بابەتی لێكۆڵینەوەیەكی قووڵ بن، ئەوانیش هەریەكە لە "سەگوەر"ی موكری و "مولازم تەحسین"ی فەرهاد پیرباڵ و رۆمانی "خوێنێك بەسەر منارە"ی جان دۆست. هەڵبەتە رۆمانەكەی موكری و ئەوەی پیرباڵ یەكێتییان تووڕە كردووە، ئەوەی جان دۆستیش پەكەكە.

رۆمانی سەگوەڕ لە سەرەتای هەشتەكان لەلایەن محەمەد موكری بڵاو كرایەوە، ئەو رۆمانە بچووكە نیگەرانی و بێزارییەكی زۆری لەناو یەكێتی دروست كرد، دواجار بە دەستوەردانی مام جەلال بەكۆتا هات، مام جەلال چەند جارێك لەسەر ئەو رۆمانەی نووسیوە و باسی لەوە كردووە كە چۆن داوای لە ئەندامانی یەكێتی كردووە، واز لە موكری نووسەر بهێنن و رێز لە ئازادییەكەی بگرن.

 ئەوەی لەگەڵ موكری رووی دا، زۆر خراپتر لە بەرانبەر فەرهاد پیرباڵ دووبارە كرایەوە، كاتێك لە كۆتایی نەوەتەكان نۆڤلێتی "مولازم تەحسین و شتی تریش"ی نووسی، بەڵام ئەمجارە برادەرانی شاخ دەسەڵات بەدەست بوون، بۆیە جیا لە بەگەڕخستنی میدیاكانی حزب لە دژی پیرباڵ، پەنا برایە بەر دادگا و سكاڵا لەسەر پیرباڵ تۆمار كرا، ئەمجارەشیان بەهۆی مام جەلالەوە سنوورێك بۆ تووڕەییەكانی یەكێتی دانرا.

ئەوەی كاردانەوەی یەكێتی بەرانبەر فەرهاد پیرباڵ دروستی كرد، تا ساڵانێكی دواتر بەردەوامی هەبوو، بەشێوەیەك دواجار گەیشتە لێدانی فەرهاد و سووتاندنی كتێبەكانی.

یەكێتی بە نووسین تەنیا دژایەتی فەرهاد پیرباڵی نەكردووە، بەڵكو لە بەرانبەر رەهەندییەكانیش كەوتە خۆ و مەلا بەختیار سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتەی دەكرد، بەڵام ئەو جارە چارەسەر لەلایەن مام جەلالەوە نەبوو، بەڵكو لەلای رەهەندییەكانەوە بوو كاتێك بە چەند كتێبێك ئەو رووانەیان دەرخست كە خۆیان بە دەمامكی فیكر داپۆشیبوو، ئەوان دەریانخست كە "جەهلیش نووسەری خۆی هەیە و دەزگەی راگەیاندنی خۆی هەیە".

 ئەو دوو كتێبەی لەسەرەوە باس كران، دوو كتێبی بچووك بوون، كەچی كاردانەوەی لەلایەن حزبێك دروست كرد كە خۆی بە خاوەنی چەند سەنتەرێكی فیكری و ئەدەبی دەزانێت. 

لەوەش خراپتر ئەزموونی رۆمانەكەی جان دۆستە كە دوو ساڵ لەمەوبەر پەكەكەی تووڕە كرد، پەكەكەش خۆی بە خاوەنی فیكری پێشكەوتنخوازی ماركسیی دەزانێت.

 ئەوەی بەلامەوە سەیرە، ئەوە نییە كادر و لایەنگرانی پەكەكە هەڕەشەیان لە جان دۆست كردووە، نامەیان بۆ ناردووە و بە كوشتن هەڕەشەیان لێ كردووە، ئەوە نییە كە بە "میت"ی تورك تۆمەتباری دەكەن، یان بە پیاوی پارتی دەزانن، كە پێشتر لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا باسی لە بەشێك لەو كاردانەوانە كردبوو كە لە بەرانبەر رۆمانی "خوێنێك بەسەر منارەوە" لە بەرانبەری دروست كرابوو. 
 بەڵكو لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە، جان دۆست لەلایەن چەند دەزگەیەكی نزیك لەو حزبانەی لە سلێمانی باڵادەستن بایكۆت دەكرێت و هێرشی دەكرێتە سەر. 

جان خۆی نووسەرێكی رۆژئاوای كوردستانە، لە رۆمانەكەی رەخنە لە پەكەكە و ئەو لایەنانەی سەر بە پەكەكە دەگرێت كە لە رۆژئاوای كوردستان توندوتیژی دەرهەق بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن، كوشتارەكەی عاموودا كە لەلایەن ئاسایشی پەیەدەوە ئەنجام درا، دەكات بە كەرەستەی رۆمانێك، ئەمە ئەگەر پەكەكەش تووڕە بكات ئاساییە، چونكە حزبێكی رۆژهەڵاتی وەك پێشتر ئاماژەم بۆ كرد، دەكرێ لە رەخنە بترسێت و كاردانەوەی توندی هەبێت، بەڵام یەكێتی و گۆڕان و ئەم و ئەو بۆ؟

دواجار جان دۆست لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب لە مانگی رابردوو باسی لەوە كردووە، بەنیاز بووە رۆمانی كۆبانێ‌ بە زاراوەی سۆرانی بڵاو بكاتەوە، بۆ ئەمەش وەرگێڕێكی راسپاردووە رۆمانەكەی وەربگێڕێتە سەر سۆرانی، دیارە ئەو وەرگێڕە پێشتر كاری لەگەڵ جان دۆست كردووە، بەڵام ئەم جارە ئامادە نەبووە كار لەسەر رۆمانەكەی بكات، بە بیانووی ئەوەی "جان دۆست" لە سلێمانی كەسێكی نەخوازراوە.


 








وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل