زانا مەلا خالید بە توندی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە

:: AM:09:14:20/11/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی، وەڵامی سۆران عومەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە سەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەداتەوە و ئاشكرای دەكات، خەڵك ئاشتی دەوێت، ئارامی و كوردستانێكی بەهێزی پێویستە نەك خۆڵ لەچاوكردن و ڕازاندنەوەی وشەی بێ بەڵگە و هاویشتنی تیری ژەهراوی.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی تشرینی دووەم، زانا مەلا خالید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی سۆران عومەری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، ئەم حوكمدارێتییەمان بەهادارە، سیاسەتی دووفاقی قبووڵ ناكات و ئەو پەخشانەی لەسەر حوكمدارێتی نووسیوتە، لەم كاتەدا خۆی جێی گومانە.

ئاشكرای كردووە، پێم خۆشە ئاوڕێك لە مێژووی ڕابردووتان تا كاری پێنج ساڵی پەرلەمانیش بدەنەوە كە لە كوێ بوون و بەرهەمی ئەم حوكمدارێتییە ئێوەی گەیاند بە (سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ)، بۆیە پێم سەیرە كادرێك لە ئاستێكی وا باڵادا كە لەناو حزبەكەی خۆی گوێی بۆ نەگیرێت و لە سەردەمی تەكنەلۆجیادا شەڕ بە سۆشیال میدیا بفرۆشێت.
 
ئاماژەی داوە، كەسانی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو تەنانەت بە كۆی میلەتیش لە پێنج ساڵی ڕابردوو تێر و پڕیان خواردەوە لە ڕووباری پڕ لە وشەی بریقەدار و بەكارهێنانی سیاسەتی "دیماگۆجییەت"، بۆیە زۆرتر نانووسم و دوور لە تەشهیر زۆر باش لە ناوەڕۆكی پەخشانەكەتان تێدەگەین كە باكگڕاوندێكی ڕقی و كەسی و ئینجا تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی تێدایە و هیچی تر نا.

لە كۆتایی وەڵامەكەی زانا هاتووە، خەڵك ئاشتی دەوێت، ئارامی و كوردستانێكی بەهێزی پێویستە نەك خۆڵ لەچاوكردن و ڕازاندنەوەی وشەی بێ بەڵگە و هاویشتنی تیری ژەهراوی.

ئەو وەڵامی پەرلەمانتارەی پارتی لە كاتێكدایە پێشتر پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی كۆمەڵێك نووسینی توندی دژی حكوومەت و دەسەڵاتداریەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، هەروەها لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كاردانەوەی توندی لێ كەوتەوە.



وشە - رامیار جەواد