"كانیاو" له‌گه‌ڵ "ئاری" ماوه‌ی شه‌ش ساڵ پێوه‌ندیی خۆشه‌ویستییان هه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئاری ده‌چێته داوای و باوكی كانیاو ڕازی نابێت، ئیتر ژیانی ئه‌و كچه به‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌كانی خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه به‌ره‌و ئاڵۆزی و تێكچوون ده‌چێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێسته ده‌ڵێت "نه ده‌تخوازم و نه بۆت هه‌یه شوو بكه‌یت، ده‌بێ تا مردن ئاوا بمێنیته‌وه".
كانیاو كچێكی ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵییه و خاوه‌ن بڕوانامه‌یه و پێشتر له یه‌كێك له كۆمه‌ڵگه په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا كاری كردووه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵكوتانه سه‌ری چه‌ندان جاره‌ی ئاری بۆ سه‌ر شوێنی كاره‌كه‌ی، ناچار بووه واز له كار بهێنێت، ئێسته ئه‌و له ماڵه‌وه به بێكاری ماوه‌ته‌وه. له‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه"دا كانیاو ده‌ڵێت، ئاری به وێنه و نامه و هه‌موو یادگارییه جوانه‌كانی نێوانمان، ئێسته هه‌ڕه‌شه له ژیانم ده‌كات و هه‌ر جاره و به جۆرێك كێشه‌یه‌كم بۆ دروست ده‌كات.
كانیاو سه‌ره‌تای پێوه‌ندییه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌گێڕێته‌وه، "له ڕێی هاوڕێیه‌كمه‌وه له زانكۆ ناسیم، دواتر پێوه‌ندی له نێوانمان دروست بوو، دنیای به هه‌زار ره‌نگ بۆ دهڕازاندمهوه، كوڕێكی زۆرباش و له خێزانێكی باش و دیاری هه‌ولێرن، پێشبینی مردنی خۆمم ده‌كرد، به‌ڵام نه‌ك ڕۆژێك بێت ئه‌و كه‌سه‌ی به هه‌موو دنیام نه‌ده‌دا، ببێت به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانم، به‌رگه‌ی ڕه‌زیلی و دڵپیسی و زۆر هه‌ڵسوكه‌وتی ناشیرینم گرت، به‌خۆم ده‌گوت ده‌گۆڕێت و هه‌موو شتێك باش ده‌بێت له‌كاتی هاوسه‌ریی، به‌ڵێ هه‌موو شتیش گۆڕا به‌و ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی به مه‌ڕم دانابوو، گورگ ده‌رچوو".
دوای ته‌واوكردنی زانكۆ، ئاری و كانیاو بڕیاری هاوسه‌رگیری ده‌ده‌ن، كاتێك ده‌چنه داخوازی، باوكی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه و ئاری به شایسته‌ی كچه‌كه‌ی نازانێ. به‌گوته‌ی كانیاو "له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی باوكم، ژیانی منیش بوو به دۆزه‌خ، چونكه دڕنده شاراوه‌كه‌ی ناو ئاری ده‌ركه‌وت، دنیا به‌سه‌رمدا وێران بوو و ده‌یگوت ئه‌وه سووكایه‌تییه‌ی باوكت به من و ماڵباتهكهمانی كردووه، ده‌بێ بۆی بسه‌لمێنم من كێم".
دوای داواكارییه‌كه، ئه‌و خۆشه‌ویستییه له پێوه‌ندییه‌كی سۆزدارییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ تۆڵه و ناخۆشی و شه‌ڕ. كانیاو ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه كه تاوانی ئه‌و نه‌بووه باوكی ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه، بگره خۆیشی به قوربانی ده‌زانێ و ئاماژه به‌وه ده‌دات، "چه‌ندان جار ئه‌وه‌م بۆ ئاری ڕوون كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر نایبیستێ و ده‌ڵێت ده‌بێ باوكت وا لێ بكه‌م خۆی به مه‌منوونی بڵێ وه‌ره كچه‌كه‌مت پێشكه‌ش بێت، ئه‌و كاته‌ش نامه‌وێیت".
ماوه‌ی ساڵێكه كانیاو له‌و دۆخه سه‌خته‌دا ده‌ژی، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، "ژیانی لێ تاڵ كردووم، چه‌ند جارێك هاته شوێنی كاره‌كه‌م و بهههڵسوكهوتهكهی و قسه‌ی نه‌شیاو زۆر شكاندمی تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی وازم له ده‌وام هێناوه، ئێسته ئاری هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌م لێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌بێ ئاگاداری ئه‌و بجووڵێمه‌وه و ته‌نانه‌ت تا بهردهرگهش بڕۆم، ئابڕووم ده‌بات و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌لایه‌تی بڵاویان ده‌كاته‌وه".
"وه‌ك كۆیله‌یه‌ك به‌ناچاری گوێڕایه‌ڵی هه‌موو قسه‌كانی ده‌بم و هیچ ڕێچاره‌یه‌ك نابینم بۆ ڕزگاربوون، بۆیه چه‌ند جار په‌نام بۆ خۆكوشتن بردووه". كانیاو وای گوت.
له به‌رانبه‌ردا نه‌قیب ڕێباز زێوه‌ر مسته‌فا گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه كانیاو ده‌توانێ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان بكات و سكاڵا له دژی ئه‌و كوڕه تۆمار بكات.
به‌گوته‌ی خۆی "ئێمه به‌ڕێی یاسای ژماره شه‌شی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان، ڕێكاری به‌رانبه‌ر ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه، هه‌ر كه‌سێك هه‌ڕه‌شه له كه‌سێكی تر بكات به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێكی وێنه‌یی یا گرته‌ی ڤیدیۆیی، ئه‌وا كه‌سه‌كه به‌پێی جۆری هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی سزا ده‌درێت.
گوته‌بێژه‌كه ده‌ڵێ، "له ڕێی نووسینگه‌كانی سه‌ربه پارێزگای هه‌ولێر و بهڕێوهبهرایهتیشهوه، ده‌توانین چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌و كێشانه بكه‌ین كه ڕووبه‌ڕووی ژنان ده‌بنه‌وه، ئه‌و كچ و ژنانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێكیان له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كرێت، ده‌توانن به ئاسانترین شێوه بگه‌نه لای ئێمه و له ڕێی یاساوه پارێزراو بن".
له‌باره‌ی شێوازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی كانیاو، زێوه‌ر گوتی، "ئه‌گه‌ر خۆی نه‌یه‌وێ هیچ كه‌س له ماڵه‌وه‌یان به كێشه‌كه‌ی بزانن و به شاراوه‌یی كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت، ده‌توانێ ڕاسته‌وخۆ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان بكات و سكاڵاكه‌ی تۆمار بكات، ئه‌وكات بانگی كوڕه‌كه ده‌كرێت و هه‌موو وێنه و ڤیدیۆ یان هه‌ر شتێكی كچه‌كه‌ی لا بێت لێی وه‌رده‌گیرێته‌وه و به‌ڵێننامه‌ی پێ پڕ ده‌كرێته‌وه كه به‌هیچ جۆرێك نابێ پێوه‌ندی به‌و كچه‌وه بمێنیت، به‌و ڕێیه به‌شاراوه‌یی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له دوای نووسینی به‌ڵێننامه دووباره كوڕه‌كه گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن، ئه‌وكات سكاڵای كچه‌كه و به‌ڵێننامه‌ی كوڕه‌كه له به‌رده‌م یاسادا سزای قورسی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
له‌باره‌ی رێكاری ئاشكرا، گوته‌بێژه‌كه روونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و ژنانه‌ی به ئاگاداری ماڵه‌وه سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن، ڕاسته‌وخۆ سكاڵاكه‌یان ده‌درێت به دادگا و كوڕه‌كه به‌پێی ئه‌و ده‌ستدرێژی و هه‌ڕه‌شه و كاره‌ی كردوویه‌تی سزا ده‌درێت، هه‌روه‌ها له ڕێی هێڵی گه‌رمی ژماره ١١٩ پێوه‌ندی بكه‌ن و له هه‌بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك ئاگادارمان بكه‌نه‌وه، به زووترین كات ڕێچاره‌یان بۆ داده‌نێن.
وشه/ هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان