میلان لەگەڵ فابریگاس رێككەوتووە

:: PM:12:17:20/11/2018 ‌

یانەی میلانی ئیتاڵی لەگەڵ نوێنەرانی سیسك فابریگاسی ئەستێرەی ئیسپانی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسی ئینگلزی رێككەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا گرێبەست ئیمزا بكەن.

گرێبەستەكەی فابریگاس لەگەڵ یانەی چێڵسی هاوینی رابردوو كۆتایی دێت و تا ئێستاش هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ بەرپرسانی یانەكە بۆ درێژكردنەوەی نەكردووە.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: گینارۆ گاتوزۆی راهێنەری یانەی میلان داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە هەوڵەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ فابریگاس بكەن بە سەرەكیترین كارەكانیان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا.

بۆ ئەم مەبەستەش چەند رۆژێكە پەیوەندی لەنێوان بەرپرسانی یانەی میلان و نوێنەرانی فابریگاس بەردەوامە و هەردوولا لەسەر چەند خاڵێكی هاوبەش رێككەوتوون و ئێستا ماوە لەگەڵ بەپرسانی یانەی چێڵسیش رێككەوتن بكەن لەسەر گواستنەوەی.

یانەی میلان خوازیارە كارەكانی رێككەوتن لەگەڵ فابریگاس بە خێرایی كۆتایی پێ بێنێ بەهۆی ئەوەی ئەستێرەكەی پێشووی بەرشەلۆنە و ئارسناڵ لەلایەن چەند یانەیەكی تریش داواكراون كە ئەوانیش برێتین لە ئینتەر میلان و ئەتلەتیكۆ مەدرید و گەلەتەسەڕای.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م