ساڵی ڕابردوو چ مەترسییەك لەسەر ڕۆژی لە دایكبوونی پێغەمبەر هەبوو؟

:: PM:12:29:20/11/2018 ‌
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەترسییەك ئاشكرا دەكات كە ساڵی ڕابردوو هەبوو لەسەر شاری هەولێر، بۆیە بەو شێوە فراوانە یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام نەكرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی تشرینی دووەم، لە شاری هەولێر بەشێوەیەكی بەرفراوان لە دەوروبەری قەڵای هەولێر یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام كرایەوە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان ئامادەی بوون.

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ میدیاكان ڕای گەیاند، كوردستان لەچاو عێراق و ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكەم شوێنە بۆ ئازادییە ئاینییەكان، بۆیە هیواخوازین ئەو پێكەوەژیانە ئاشتییانەیەی كوردستان بەردەوام بێت و پتەوتر بكرێ.

وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاشكرای كرد، ساڵی رابردوو بەهۆی بوونی هەڕەشەی داگیركردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن میلیشیا عێراقییەكانەوە، هاووڵاتییان كەمێك سارد بوون لە بەشداریكردن لەو یادە و بەرزڕاگرتنی.

ئاماژەی دا، ئەم بەشداری فراوانەی هاووڵاتییان لە ئەمساڵ مانای بوونی تەناهییەكی بەرفراوانە لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو شێوازە بەشدارییەش جێی دڵخۆشی هاووڵاتییانە.

ئەم وێنانە ئێستەی شاری هەولێرە كە بەشێوەیەكی فراوان هاووڵاتییان بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو بۆنەیە ڕوویان لە بازاڕ كردووە.













وشە - رامیار جەواد