رابیۆ بڕیاری كۆتایی داوە.. دەچێتە یانەی بەرشەلۆنە

:: PM:01:15:20/11/2018 ‌

ئەدریان رابیۆ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بڕیاری كۆتایی خۆی بە بەرپرسانی یانەكەی راگەیاندووە و جەختی كردۆتەوە كە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی گفتوگۆ دەكات.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: رابیۆ بە بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمانی راگەیاندووە گرێبەستەكەیان لەگەڵ نوێ ناكاتەوە كە كۆتایی ئەم وەرزە بەكۆتا دێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە لە هاوینی داهاتووەوە دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە دەكات.

رابیۆ لە گفتوگۆكانی رابردوویدا لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە خۆشحاڵی خۆی بە پۆشینی درێسی یانەكە نیشانداوە لە وەرزی داهاتوودا و بەڵینیشیداوە رووبەڕووی هەموو ئەو پاڵەپەستۆیانە ببێتەوە كە یانەی پاریس سان جێرمان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی بەرامبەریدا ئەنجامی دەدەن.

تا ئێستا گفتوگۆكانی رابیۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بەشێوەی نهێنی بووە و دوای مانگی یەكی ساڵی نوێش بەگوێرەی یاساكانی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) دەتوانێ بەشێوەی ئاشكرا رێككەوتن لەگەڵ یانە كەتەلۆنییەكە بكات.

لای خۆشییەوە یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا ترسی هەیە لە نەگەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی گرێبەستەكەی رابیۆ بەهۆی ئەو تاقیكردنەوە تاڵانەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ دانی سیبایۆس و ئەنتوان گریزمان هەیبوو، یاریزانەكەی یەكەم هەرچەندە لە یانەی بەرشەلۆنە نزیك ببووەوە بەڵام لە هاوینی 2017 دواجار گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید كرد، گریزمانیش پێش دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیال یانەی بەرشەلۆنەی رەتكردەوە و بڕیاری مانەوەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەركرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م