له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌به‌رهێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ئابوورى ئێران چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به خاڵه سنوورییه‌كان و فراوانكردنى كارى بازرگانى نێوان هه‌ردوو لا تاوتوێ كرا.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌م 20ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى مه‌لا یاسین گوته‌بێژى یه‌كێتى هاورده و ناردنكارانى كوردستان ڕاى گه‌یاند، ژماره‌یه‌ك خاڵى ئابوورى له‌نێوان شانده ئابوورییه‌كه‌ى ئێران و كوردستان تاوتوێ كراوه و داوا كراوه كه ئێرانییه‌كان بێنه كوردستان و كارى وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
ڕوونیشى كرده‌وه كه چاوه‌ڕوانى بڕیارى حكوومه‌تى عێراق ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵوێستى خۆى ڕابگه‌یه‌نێت.
هاوكات كونسوڵى ئێران له سلێمانى له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوتى، بازرگانانى كوردستان ده‌یانه‌وێ له‌كارى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وام بن و 20% هه‌نارده‌مان بۆ كوردستان زیاد كردووه.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان سزاى ئابوورى له‌سه‌ر ئێران سه‌پاندووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و وڵاته له‌كارى بازرگانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێى به‌رده‌وامه.