عێراق.. پارتە سیاسییەكان دەستە سەربەخۆكان دابەش دەكەن

:: PM:05:37:20/11/2018 ‌

دوای ئەوەی هێزە براوەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەتایبەتی هێزە شیعەكان توانیان پۆستەكانی سەرۆكایەتی و حكوومەت لە نێوان خۆیاندا دابەش بكەن، ئێستە ئەوان خەریكی دابەشكردنی پۆستەكانی ترن لە دەستە سەربەخۆكان كاتێك نەخشەرێگەیەكیان خستووەتە بەردەم عادل عەبدولمەهدی بۆ هەڵبژاردنی كاندیدانیان بۆ ئەو دەستانە و بەپێی حەقبەشی هەڵبژاردن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوە چوو و دوای زیاتر لە پێنج مانگ و ئەو مشتومڕ و ناكۆكیانەی بەدوایدا هاتن، لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردوو توانرا سەرۆك كۆمار دیاری بكرێِت و عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بێتە راسپاردن، لە 24ی ئەو مانگەیش پەرلەمان دەنگی لەسەر پڕۆگرامی حكوومەت و 14 وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی دا، بەڵام تا ئێستە هەشت وەزیرانی ئەو كابینەیە ماون و بەهۆی ناكۆكییەكانەوە پڕ نەكراونەتەوە.  

جاسم محەمەد جەعفەر، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وای دەبینێت كە هەمان بەشبەشێنەی سیاسی كە لە دانان و دابەشكردنی وەزارەتەكان پێڕەو كرا، لە دانانی بەرپرسانی دەستە سەربەخۆكانی عێراق پێڕەو دەكرێت.

دووپاتی كردەوە، لە دیاریكردنی كاندیدانی وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بەشبەشێنە روون و دیار بوو، چونكە زۆرینەی وەزیرانی حكوومەتە سەر بە حزب و هێزە سیاسییەكان بوون و هەندێكیشیان پەرلەمانتار و جێگری وەزیری سەر بەو حزبەكان بوون، ئاماژەی كرد دەستە سەربەخۆكان هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و سەرۆكی دەستە و بەڕێوەبەرانی بەپێی بەشبەشێنەی سیاسی دیاری دەكرێن و ئەوان لەناو پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت و پۆستەكانیان هاوتایە لەگەڵ بریكاری وەزیر.  

بەم دواییە هێرش كرایە سەر عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق بە وەكالەت، ئەگەرچی ئەو بێتاوان نەبوو بەهۆی دۆسییەكانی سەری و ئەوەیشی بەم دواییە بەهۆی لەناوچوونی حەوت ملیار دینار لە 2013 بەهۆی بارانەوە ئاشكرا بوو، بەڵام هێرشەكانی سەری و هەوڵی گۆڕینی چەند مەبەستێكی لەپشتەوەیە، بەتایبەتی كاتێك گفتوگۆی دیاریكردنی سەرۆكی دەستە سەربەخۆكان لەئارادایە. 

بەم دواییە هێزە سیاسییەكان نەخشە رێگەیەكیان داوەتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆ دیاریكردنی كاندیدی ئەوان بۆ دەستە سەربەخۆكان و بەپێی حەقبەشی هەڵبژاردن، لە سەرووی ئەوانیش هاوپەیمانی سائیروونی پاڵپشتیكراو لەلایەن موقتەدا سەدر كە پاڵەپەستۆ دەكات بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ بانكی ناوەندی لە عێراق بە سوودوەرگرتن لە رووداوی لەناوچوونی حەوت ملیار دینارەكە لە گەنجینەكانی بانكی رافیدێن، لەو كاتەی رەوتی حیكمەی سەر بە عەمار حەكیم هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری بەغدا دەدات.

ئەوەی سەرەوە دەری دەخات كە هەریەك لە عەمار حەكیم و موقتەدا سەدر یەك دید و سەیركردنیان هەیە بۆ كابینەی حكوومەتی عەبدولمەهدی و ئەوەیشی دەیكەن نمایشێكە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لەو بارەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان هاوپەیمانی نەسڕی حەیدەر عەبادی كێبەركێ لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی نەزاهە و هاوپەیمانیەتێكی نزیك لە فەتحیش هەوڵ بۆ پۆستی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی دەدات، لەو كاتەی كورد هەوڵ بۆ دەستەكانی وەبەرهێنان و پێوەندیكردن دەدەن، هاوپەیمانی بینای هادی عامری و نووری مالیكیش لە هەوڵی دەستەبەركردنی دەستەكانی لێپرسینەوە و دادوەری و داواكانی موڵك و ماڵ حەج و عەمڕە و كاغەزی دارای و دەزگاكانی شەهید و زیندانیانی سیاسی و بەیتولحیكمە دەدەن.

هاوپەیمانی سائیروون جیا لە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكان بۆخۆی، هەوڵی بێبەشكردن و دوورخستنەوەی حزبی دەعوە دەدات لە وەرگرتنی بەرپرسیارەتی لە دەستە سەربەخۆكان، لەو كاتەی ئەو حزبە ماوەی 13 ساڵە (2005-2018)، باڵادەستییەكی نیوچە تەواوی بەسەر دەستە سەربەخۆكان هەیە و تا ئێستەیش بەشێكیانی بەدەستەوەیە لەوانە بانكی ناوەندی و حەج و عەمڕە و نەزاهە كە لەلایەن كەسانی سەر بەو حزبەوە بەڕێوە دەچن.

سەرچاوەكان باس لە بوونی كێبەركێیەكی گەورە لەسەر دەستەی نەزاهە دەكەن و بەشێكیان كۆكن لە دوورخستنەوەی لە دەسەڵاتەكانی حزبی دەعوە كە لە ساڵانی رابردوو بۆخۆی قۆرخی كردبوو، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەو دەستەیە رێك نەكەون ئەوە پرسەكە لە پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت لەوێش مشتومڕێكی زۆری لێ بكەوێتەوە.

سەرچاوەكان پێشبینی دەكەن كە بۆ داهاتوو پۆستی سەرۆكی دەستەی نەزاهە ببێتە ئامرازێك بۆ حزبەكان و تۆڵە لەیەكتر بكەنەوە، بۆیە ئەوەی پۆستەكە وەردەگرێت، پێویستە پارێزراو بێت لە هێزە باڵادەستەكان لە پاڵەپەستۆ خستنەسەریەوە.

دادوەر وائل عەبدولەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆیانەی خراوەتە سەر دەستەی نەزاهە، سەرانی پێشووی دەستەكە بۆ دەرەوەی عێراق رۆیشتوون، یەكەم سەرۆكی دەستەكە بەرەو ئەمەریكا رۆیشتووە و دووەمیان خۆی لەناو كەسوكاری لە سەماوە حەشار داوە و سێیەمیان بەرەو هەولێر و لەویش بەرەو ئیستەنبووڵ هەڵاتووە و چوارەمیش دەستی لەكار كێشایەوە پۆستەكەی جێهێشتووە.

زیاتر گوتی، بۆیە دەستەی نەزاهە تاكە پۆستە چوار لە سەرانی لێی هەڵبێن. ئەوەیش بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆیەی سەریان بۆ داخستنی دۆسیەی گەورەی گەندەڵی، بۆیە ئێستە ئەو دەستەیە بە وەكالەت بەڕێوە دەچێت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل