كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رای دەگەیەنێت كە زیاتر لە شەش هەزار و 700 گیراو هەن بەهۆی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و دووپاتی دەكاتەوە كە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق بووەتە دیاردە و هەڕەشە بۆ سەر خێزان و كۆمەڵگا دروست دەكات، بەتایبەتی توێژی گەنجان دەكاتە ئامانج.
فازڵ غەڕاوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، كۆمسیۆنەكە گوتەی زیاتر لە 100 بەكارهێن و بازرگانی مادەی هۆشبەری تۆمار كردووە و ئاماژەی كردووە كە رەگەزی نێر زیاتر بەكاری دێنن بە رێژەی 89.79% كە شەش هەزار و 672 گیراویان هەیە، هەرچی رەگەزی مێیە رێژەی بەكارهێنانیان 10.2%یە كە دەكاتە 134 گیراو.
زیاتر گوتی، گەنجەكان زیاترینن كە مادەی هۆشبەر بەكار دێنن بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی 29-39 ساڵ بە رێژەی 40.95% و دوای ئەوەیش لە تەمەنەكانی 18-29 ساڵ بە رێژەی 30.23%.
غەراوی دووپاتی كردەوە بەپێی لێدوانەكان هۆكاری پەنابردنی ئەوان بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر هاوڕێی خراپ و بەكارهێنەرانی تری مادەكە بووە بە رێژەی 41.66% و بۆ لەبیرچوونەوەی دۆخی خراپی دەروونی و ئابووری و سۆزداری بە رێژەی 29.1%.
ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ئاماژەی كرد كە زیاترین ئەو مادە هۆشبەرانەی لە عێراق بەكار دەهێنرێن بریتیین لە كریستاڵ بە رێژەی 37.3% و حەبی "سفر-1" بە رێژەی 28.35% و جۆری تری دەرمانی هێوركەرەوە، دووپاتی كردەوە كە نەبوونی چاودێری خێزانی و هەژاری و بێكاری و خراپ بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا و لاوازیی رێوشوێنەكانی حكوومەت هۆكارن بۆ زیادبوونی دیاردەكە.