خشته‌ى مووچەی سبه‌ى ئاشكرا كرا

:: PM:09:32:20/11/2018 ‌
دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ سبه‌ى چوارشەم 21ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، چەند وەزارەت و دەستەیەک مووچە وەرگرن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 20ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ خه‌زێنه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یانى چوارشەم 21ى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبەر، مووچەی ھەریەک لە وەزارەتەکانی شارەوانی و کارەبا و گواستنەوە و پلاندانان و کشتوکاڵ و دیوانی چاودێری دارایی و هەر یەک لە دەستەی مافی مرۆڤ و وەبەرهێنان و دەستپاکی و ژینگە، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و دەزگای مین و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت.

پێنجی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی دابەشكردنی مووچەی مانگی ته‌مووزى فەرمانبەرانی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى دەست پێ كرد و دابەشكردنی مووچەیش تا 25ی مانگ بەردەوام بوو.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانى هه‌رێمى كوردستان دابینی دەكات، مانگانەیش ئەمەریكا 24 ملیار دینار ڕاستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.


وشە - محەمەد میران