یەكێتی بە 21 كورسییەوە هەڕەشەی تێكدانی تەناهیی كوردستان دەكات

:: AM:08:50:21/11/2018 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە 21كورسیی پەرلەمانەوە هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر ئەو پۆستانەی پێ نەدرێ كە خۆی دەیەوێت، ئەوا حكوومەتی داهاتوو سەركەوتوو نابێت، بەڵام پارتی كە 45كورسیی پەرلەمانی بە دەست هێناوە، بە قۆرخكار ناو دەبرێت، لە كاتێكدا پارتی ئەو هەڕەشانەی یەكێتی دەیانكات، نەیكردووە.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا لە ساڵی 2014، كاتێك یەكێتی 11كورسی و گۆڕان 12كورسیی سلێمانییان بە دەست هێنا، یەكێتی هەڕەشەی ئەوەی دەكرد ئەگەر پارێزگاری سلێمانیی پێ نەدرێت، ئەوا دۆخی تەناهی تێك دەچێت و هیچ ئیشوكارێكیش ناكرێت، هاوكات لە پێكهێنانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمدا كە ٢١ كورسیی پەرلەمانی هێناوە، بەهەمانشێوە دەڵێت ئەگەر ئەو پۆستانە وەرنەگرێت كە خۆی دەیەوێت، ئەوا ئەگەری دوو ئیدارەیی و كێشەی تەناهیی دروست دەبێت. 

ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكێتی لە سنووری پارتی سەدان پۆستی هەیە و لە سنووری سەوزیشدا پارتی تەنانەت بەڕێوەبەرێكی گشتی یان بەڕێوەبەری بەشی لە فەرمانگەیەك پێ نەدراوە.

سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، یەكێتی خاوەنی خەباتێكی دوور و درێژی نەتەوایەتییە و هەزاران شەهیدی داوە، بۆیە واقیعێكی وای دروست كردووە كە هیچ شتێك بەبێ یەكێتی و بەبێ پارتیش ناكرێت.

گەرمیان دەڵێ، "ئەوەی ئێمە دەیڵێین هەڕەشە نییە، یەكێتی سەلماندی باوەڕی بە دەستاودەستی دەسەڵات هەیە و ئەوەشی سەلماند كاتێك ١٨ كورسیی پەرلەمانی كوردستانی هێنا، لە كوردستان واقیعێك هەیە نەك تەنیا بێ یەكێتی، بەڵكو بێ پارتیش هەر حكوومەت و بڕیارێك سەركەوتوو نابێت."

پارتی خاوەنی 45كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و گەورەترین حزبی هەرێمی كوردستانە، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992ی كوردستان و هەر چوار خولەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستە نەیگوتووە پارتی هەموو شتێك لە كوردستان بە تەنیا دەكات یان هەڕەشەی تێكدانی تەناهیی بكات.

عەتا شێخ حەسەن ئەندامی سەركردایەتیی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی، باس لەوە دەكات كە حزبەكەی هیچ كاتێك هەڕەشەی تێكدانی كوردستانی نەكردووە، بەپێچەوانەوە هەمیشە دروشمی كوردستانێكی یەكگرتوو، بەهێز و سەربەخۆی هەڵگرتووە و لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەی داوە.

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، چەند جارێك باسی لەوە كردووە ئەگەر یەكێتی تەنانەت یەك كورسیی پەرلەمانیش بهێنێت، ئەوا دەسەڵات بەجێ ناهێڵێت، لە زۆر بۆنە و جێی تریشدا سەركردەكانی یەكێتی هەڕەشەیان كردووە كە ئەگەر یەكێتی پەراوێز بخرێت یان ئەوەی دەیەوێ پێی نەدرێت، ئەوا بارودۆخی كوردستان تێك دەچێت و هەرێمێكی یەكگرتوو بوونی نامێنێت.
شێخ عەتا كە گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیشە لە سلێمانی، گوتی "ئەم جارە وا باشترە هەر حزبە و بەپێی بەركەوتەی خۆی لە هەڵبژاردن پۆستی پێ بدرێت، پێشتر هەموو جۆرە حكوومەتێك تاقی كراوەتەوە و ئەمجارە ئەو هەڵانەی ڕابردوو دووبارە ناكەینەوە."
پێشتر یەكێتی و پارتی ڕێككەوتننامەی ستراتیجییان هەبوو بەشێوەی ٥٠ بە ٥٠ پۆستەكانی هەرێمی كوردستانیان دابەش كردبوو، بەڵام ئێستە یەكێتی كورسییەكانی بوونەتە 21كورسی و داوای هەمان پۆست و ئیمتیازیش دەكات.

ڕەئووف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "پارتی و یەكێتیش بێ جیاوازی هەركات ئەوەیان دەست نەكەوێت كە دەیانەوێت، دۆخی هەرێمی كوردستان تێك دەدەن و بارودۆخێك دەهێننە ئاراوە كە هەرێم دووچاری ئاڵۆزی دەكەن، قبووڵیان نییە سازش لەسەر هیچ شتێك بكەن و باوەڕیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات نییە."
وشە/ سلێمانی- تایبەت




وشە - تایبه‌ت