بەڕازیلی قەبارەی پێكانەكەی نیماری ئاشكرا كرد

:: AM:09:48:21/11/2018 ‌

پزیشكە تایبەتییەكەی هەڵبژاردەی بەڕازیل قەبارەی پێكانەكەی ئەستێرەی هەڵبژاردەكەی نیمار دا سیلڤای ئاشكرا كرد كە لە یارییە دۆستانەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر هەڵبژاردەی كامیڕۆن تووشی هاتبوو.

شەوی رابردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یارییەكی دۆستانەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی كامیڕۆن بووەوە و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لێ بردەوە.

نیمار هەر لە سەرەتای یارییەكەدا و لە خولەكی 8ی گێمی یەكەمدا بەناچاری یاریگەی جێهێشت دوای ئەوەی هەستی بە ئازارێكی زۆری پێكانی رانی كردبوو.

لای خۆیەوە رۆدریگۆ لاسمار پزیشكی تایبەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی رایگەیاند: نیمار بەهۆی هەستكردن بە نائارامی و  ئازارەوە یاریگەی جێهێشتبوو.

زیاتر رایگەیاند: بۆ دیاریكردنی قەبارەی پێكانەكەی نیمار پێویستمان بە كات و پشكنینی زیاتر هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێكانەكەی قورس و مەترسیدا نییە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی خوازیارە پێكانەكەی نیمار قورس نەبێت و بۆ یارییەكەی چوارشەمی هەفتەی داهاتوویان بەرامبەر یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی لە گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بتوانێ یاری بكات.

یانە فڕەنسییەكە هەر لە شەوی رابردوودا هێرشبەرێكی تریشی بەهۆی پێكانەوە لەدەستدابوو ئەویش كیلیان مباپێ بوو لە یارییە دۆستانەكەی نێوان هەڵبژاردەی فڕەنسا و هەڵبژاردەی ئۆرگوای.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م