كونسوڵی بەریتانیا سەردانی پەرلەمانی كوردستانی کرد

:: AM:10:03:21/11/2018 ‌
كونسوڵی بەریتانیا سەردانی پەرلەمانی كوردستانی کرد و ئاشكرای کرد، زۆر گرنگە پەرلەمانێك هەبێت یاسا دەربكات و كارا بێت، ئەمەیش لە ئەنجامی ڕەنگدانەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی دووەم، كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، "مارتن وار" كونسوڵی گشتی بەریتانیا سەردانی پەرلەمانی كوردستان كرد.

ئاماژە دراوە، وار  خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان نیشان دا و گوتی "زۆر گرنگە كە هەرێمی كوردستانی عێراق پەرلەمانێكی كارای هەیە كە بریتییە لە ڕەنگدانەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن".

نوێنەرەكەی شانشینی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، پەرلەمان بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە لە حكوومەت، دەركردنی یاساكان و گەیاندیان بۆ هاونیشتمانیانی كورد.

ئەو سەردانەی بەرپرسی یەكەمی كونسوڵخانەی بەریتانیا لەكاتێكدایە بەشێكی زۆری نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئێستە لە هەوڵدان بۆ زیاتر پەرەپێدانی توانا سیاسی و ئابوورییەكانیان و بڕیارە بەمنزیكانە بەردی بناغەی دووەم گەورەترین كونسوڵخانەی كۆماری چین لە هەرێمی كوردستان دابنرێت.

هەرێمی كوردستان ئێستە نزیكەی 33 كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی لێ كراوەتەوە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خاوەنی گەورەترین كونسوڵخانەیە كە تا ئێستە كارەكانی تەواو نەبووە.





وشە - رامیار جەواد