رۆناڵدۆ لە 2017 بەنیاز بوو ریال مەدرید جێبێڵێ

:: AM:10:07:21/11/2018 ‌

بەڕێوەبەری وەرزشی پێشووی یانەی میلانی ئیتاڵی ئاشكرای كرد كە یانەكەی تاڕادەیەكی زۆر نزیكبوو لە گرێبەستكردن لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە وەرزی رابردوودا.

رۆناڵدۆ /33 ساڵ/ دوای 9 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید، هاوینی رابردوو بە گرێبەستێك كە بەهاكەی زیاتر بوو لە 100 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە كرد.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماركۆ ڤاسۆنی بەڕێوبەری پێشووی یانەی میلانی ئیتاڵی كردبوو و تێیدا جەختی كردبووەوە كە یانەكە لە هاوینی 2017 تاڕادەیەكی زۆر نزیك بوو لە گرێبەستكردن لەگەڵ رۆناڵدۆ.

زیاتر گوتی: رۆناڵدۆ ئارەزووی هەبوو پەیوەندی بە یاریگەی سان سیرۆوە بكات و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆی لەگەڵ ئێمە دەست پێ كردبوو و چەند جارێكیش لەگەڵ بەڕێوەبەری كارەكانی كۆببووینەوە.

بەڕێوبەری پێشووی یانەی میلان هەروەها ئاشكراشی كرد كە لە دواساتەكاندا بەهۆی زۆری تێچووی گرێبەستەكەوە دەستبەرداری رێككەوتن لەگەڵ رۆناڵدۆ بووین.

جێی باسە رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا تا ئێستا بەشداریی لە 12 یاریی یانەی یۆڤێنتۆس لە خولی ئیتاڵیا كردووە و 8 گۆڵیشی بۆ یانەكە تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م