نیمار وێستگەی داهاتووی بە كەسە نزیكەكانی خۆی گوتووە

:: AM:10:38:21/11/2018 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بە كەسە نزیكەكانی خۆی گوتووە بۆ وەرزی داهاتوو روو لە یانەیەكی تر دەكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان نیمار بۆ وەرزی داهاتوو 100% دەگەڕێتەوە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر رێككەوتنەكانی نێوان ئەو یاریزانە و بەرپرسانی هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمان.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ماوەیەكی درێژە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە و رازیكردنی باوكی دەدات تا لە وەرزی داهاتوودا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاری بكەن بۆ پڕكردنەوەی شوێنی رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی كە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە كردبوو.

زانیارییەكان دەری دەخەن كە نیمار ئێستا تەنیا بیر لەوە دەكاتەوە رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە یاریگەی كامپ نوو دوای ئەوەی لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو چووە ریزی یانەی پاریس سن جێرمانەوە.

هەروەها جەخت لەوەش كراوەتەوە كە یانەی پاریس سان جێرمان رێگری ناكات لە گەڕانەوەی نیمار بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنە بەو مەرجەی هەمان ئەو پارەیە بەدەستبینێتەوە كە پێشتر دابووی بە یانەكە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م