بەرشەلۆنە دڵنیایە كۆتینیۆ بۆ یارییەكەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئامادە دەبێت

:: AM:10:56:21/11/2018 ‌

ماڵپەڕی فەرمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد، ئەستێرە بەڕازیلییەكەی فیلیپ كۆتینیو بەشێوەی ئاسایی دەستی بە مەشق و راهێنانەكان كردۆتەوە.

كۆتینیو لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە تووشی پێكانی رانی هاتبوو و ئەو كات راگەیاندرابوو كە بۆ ماوەی 2 یان 3 هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێ.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: كۆتینیو لە دوێنێ سێشەمەوە بەشێوەی ئاسایی لەگەڵ یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە دەستی بە مەشق و راهێنانەكان كردۆتەوە و كێشە و ئازارێكی ئەوتۆی لە رانیدا نەماوە.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە پزیشكەكانی یانەی بەرشەلۆنە دڵنیان كۆتینیو بۆ یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بەتەواوی ئامادە دەبێت و هیچ كێشەیەكی نامێنێت.

جێی باسە رۆژی شەمووی داهاتوو یانەی بەرشەلۆنە لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 13ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ دەبێتە مێوانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م