پۆگبا بۆ وەرزی داهاتوو دەچێتە ئەم یانەیەوە؟

:: AM:11:05:21/11/2018 ‌

پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ریزی یانەكەی جێبێڵێ و روو لە یانەیەكی تر بكات.

بەگوێرەی رۆژنامەی (كۆریری دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی پۆگبا بە كەسە نزیكەكانی خۆی گوتووە بۆ وەرزی داهاتوو ئارەزوو دەكات بگەڕێتەوە ریزی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی یۆڤێنتۆس لە هەوڵی ئەوەدایە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا گرێبەستی پۆگبا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكۆتا بێنێ و چاوەڕێی هاوینی داهاتوو نەكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە پۆگبا لە یارییەكەی رابردووی نێوان یۆڤێنتۆس و مانچستەر یونایتد لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم بەڕێوە چوو و تێیدا یانە ئینگلیزییەكە بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، بە هاوڕێكانی لە یانەی یۆڤێنتۆسی راگەیاندووە كە ئارەزوو دەكات دووبارە لە ئیتاڵیا یاری بكاتەوە.

بڕیاریشە مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانی پۆگبا لە داهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس كۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی باس لە چارەنووسی ئەم ئەستێرە فڕەنسییە بكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ماوەیەكی درێژە هەوڵی رازیكردنی پۆگبا دەدات و هاوینی رابردووش بەفەرمی چەند دەستەوارەیەكی پێشكەش كردبوو، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد داواكانی رەت كردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م