بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرای دەكات، شێوازێكی نایاسایی بەكار دەهێنرێت بۆ گواستنەوەی قوتابییان و ئەوەیش سزای هەیە و سەرپێچییە.
ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی (2018 – 2019) تێبینی هەندێك حاڵەتی هاتوچۆكردن بە قوتابییان دەكرێت بەشێوەیەكی بەدەر لە یاسا و ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ و سەلامەتی قوتابییان.
هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرای كردووە، بەجۆرێك ئەو حاڵەتانە بەپێشێلكارییەكی زەقی مافەكانی منداڵان هەژمار دەكرێت، لەوانە حاڵەتی هەڵگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابی لە ناو یەك ئۆتۆمبێل یان دانانی قوتابییان لەناو سندووقی ئۆتۆمبێلەكان، بە مەبەستی پاراستنی ژیانی منداڵەكان و مافەكانیان و بنبڕكردنی ئەم حاڵەتە نەخوازراوانە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگەداری سەرجەم ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە دەكاتەوە كە قوتابییان دەگوازنەوە بۆ قوتابخانەكان، بەهیچ شێوەیەك نابێت قوتابی زیادە لە ڕێپێدراو هەڵبگرن یان قوتابییان بخەنە ناو سندووقی ئۆتۆمبێلەكان، ئەگەر نا دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی توند و سزای دارایی دەبنەوە.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ئاماژە دراوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەكات هەر حاڵەتێكی لەو جۆرەیان بینی، پێوەندی بە كۆنترۆڵی هاتوچۆ ژمارە (188) وە بكەن.