لە یەمەن 85 هەزار منداڵ لە برسان مردوون

:: PM:12:33:21/11/2018 ‌

سەرەڕای ئەوەی كە لایەنەكانی جەنگ لە یەمەن باس لە ئاگربەست و دەستپێكردنی دانوستان دەكەن، بەڵام جەنگ هێشتا بەردەوامە و رۆژانە خەڵكی زیاتر دەبنە قوربانی.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" رێكخراوێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە منداڵان ئاشكرای كرد، لە سەرەتای جەنگی یەمەنەوە تا ئێستە، 85 هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە برسان یان لەبەر هۆی بەدخۆراكی گیانیان لە دەست داوە.

ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس ئەوەی ئاشكرا كردووە كە دوای ماوەیەكی كورت لە ئاگربەستی نێوان لایەنەكانی جەنگ، لە ئێوارەی دووشەمەوە شەڕ و توندوتیژی لە بەندەری حەدیدە دەستی پێ كردووەتەوە.

هەریەك لە حووسییەكان و حكوومەتی یەمەن بە جیا باس لە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانیان و وڵامدانەوەی هێرشی بەرانبەر دەكەن. حووسییەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە مووشەكێكی بالستیكیان بەرەو سعوودیە هاویشتووە و هاوكات لە سەنعای پایتەخت گورزیان لە هێزەكانی حكوومەت وەشاندووە.

مارتین گریڤیتس نوێنەری تایبەتی رێكخەراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی ئاشتی لە یەمەن رای گەیاندووە، هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە تا لایەنەكان بكێشێتە سەر مێزی دانوستان.

پێویستە بگوترێ حووسییەكانی یەمەن لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و حكوومەتی سعوودیەش لە لایەن سعوودیە پشتیوانی دەكرێت و هەریەك لە ئێران و سعوودیە ناڕاستەوخۆ لە دژی یەكتر لە یەمەن لە جەنگدان.



وشە - سلێمان تاشان