نیمار لەسەر پێكانەكەی پەیامێكی بڵاو كردەوە

:: PM:01:12:21/11/2018 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی قەبارەی پێكانەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان هەڵبژاردەی بەڕازیل و كامیرۆن ئاشكرا كرد.

شەوی رابردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یارییەكی دۆستانەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی كامیڕۆن بووەوە و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لێ بردەوە.

نیمار هەر لە سەرەتای یارییەكەدا و لە خولەكی 8ی گێمی یەكەمدا بەناچاری یاریگەی جێهێشت دوای ئەوەی هەستی بە ئازارێكی زۆری پێكانی رانی كردبوو.

نیمار لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) نووسیبووی: لەم یارییانەی دواییدا توانیمان دووبارە ورەی بەرز بەدەستبێنینەوە دوای كرانە دەرەوەمان لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا و نەتوانینمان لە ركابەریكردن لەسەر جامەكە.

زیاتر نووسیبووی: ئێستاش بەهێزین و ئامانجمانە لە سەرجەم یارییەكانی داهاتوومان سەركەوتن بەدەستبێنین و باشترین ئاستیش پێشكەش بكەین.

"سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە پەیامی سەلامەتیان بۆ ناردووم و لێرەوەش پێیان رادەگەیەنم كە پێكانەكەم مەترسیدار نییە" نیمار وای نووسیبوو.

لە كۆتایشدا نیمار خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بوو بە گەیشتن بە یاریی ژمارە 100 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل، جەختیشی كردبووەوە كە هەمیشە شانازی بەوە دەكات درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی پۆشیوە.

لای خۆیەوە رۆدریگۆ لاسمار پزیشكی تایبەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی رایگەیاند: بۆ دیاریكردنی قەبارەی پێكانەكەی نیمار پێویستمان بە كات و پشكنینی زیاتر هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێكانەكەی قورس و مەترسیدا نییە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م