"وشە" پەیامی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئاشكرا دەكات

:: PM:01:19:21/11/2018 ‌
بەپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، پەیامی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەكان بریتی بووە لە كۆمەڵێك خاڵ و قۆناغی 50 بە 50 كۆتایی هاتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی دووەم، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، پەیامی شاندی پارتی بۆ لایەنەكانی تر بریتی بووە لەوەی دەمانەوێ حكوومەتێكی شەراكەتی راستەقینە بەپێی (استحقاقی) هەڵبژاردن دروست بكرێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای كردووە، لە پەیامەكانی پارتی بۆ لای لایەنەكان بریتی بووە لە قۆناغی حكوومەتی 50 بە 50 كۆتایی پێ هاتووە و هەر لایەنێك بەشداری لە حكوومەت بكات، دەبێ چۆن داوای ماف دەكات، بەم شێوەیەش ئەركەكانی بەرانبەر حكوومەت جێبەجێ بكات.

میرخان ئاماژەی داوە، بەشێك لە پەیامەكەی پارتی بریتی بووە لەوەی  چیتر ڕێ نادەین كەس بە ڕۆژ لەگەڵ حكوومەت بێت و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بێت، بڕیاردەری یەكەمی حكوومەت تەنیا سەرۆكی حكوومەتە و جێگرەكەی تەنیا جێگری سەرۆك دەبێت.

لە كۆتایی پەیامی پارتی بۆ لایەنەكان ئەوە باس كراوە كە ئەو حزبەی زۆرترین متمانەی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێناوە، بەشی شێری لە پێكهێنانی حكوومەت بەردەكەوێت و ئەم قۆناغە قۆناغی تێپەڕاندنی بڕیارە سەختەكان دەبێت لەناو پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد