رۆناڵدۆ و میسی لە باڵۆن دۆڕ دەرکراون

:: PM:01:29:21/11/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد، هەردوو ئەستێرەی یەكەمی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ (تۆپی زێڕین) وەك باشترین یاریزانی 2018ی جیهان دەركراون كە لەلایەن كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسییەوە دابەش دەكرێ.

رۆژنامەكانی (لاگازێتا دیلۆ سپۆڕت – كۆریری دیلۆ سپۆڕت و لاستامپا) بڵاویان كردەوە: رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لەگەڵ ركابەرە سەرسەختەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ناویان لەنێو 3 پاڵێوراوەكەی كۆتایی باڵۆن دۆر نییە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی هەرسێ رۆژنامەكەش ئەو 3 یاریزانەی پاڵێوراوی كۆتایی دەبن بۆ خەڵاتەكە برێتین لە لوكا مۆدریچ و كیلیان مباپێ و رافایێل ڤاران.

ڤاران و مباپێ بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستە بەرزەكەیانەوە لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا و بەدەستهێنانی ناسناوەكە لەگەڵ هەڵبژاردەی فڕەنسا ناویان خراوەتە لیستی كۆتایی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ لەگەڵ مۆدریچ كە پلەی دووەمی پاڵەوانیەتییەكەی لەگەڵ هەڵبژاردەی كڕواتیا بەدەستهێنابوو.

جێی باسە مۆدریچ ئەمساڵ توانیبووی چەند خەڵاتێكی تاكی گەورەی جیهانی بباتەوە و لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) و یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) بە باشترین یاریزانی 2018ی جیهان هەڵبژێردرابوو، لە مۆندیالیش بە باشترین یاریزان هاتبووە هەڵبژاردن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م