پاش رفاندنیان داعش دوو پۆلیس و چەكدارێكی حەشدی شەعبی كوشت

:: PM:02:10:21/11/2018 ‌

پاش سێ رۆژ لە رفاندنیان، تەرمی دوو پۆلیس و چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە سنووری شارەدێی ئامرلی سەربەشارۆكەی خورماتوو دۆزرانەوە كە گولەباران كرابوون.

عەلی هاشم گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پاش چوار رۆژ لە رفاندنیان، ئەمڕۆ تەرمی دوو پۆلیس و چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە چەمێكی لای شارەدێی ئامرلی دۆزرانەوە. 

ئەو گوتی، پێشتر هێزەكانیان هەڵمەتی گەڕان و پشكنینیان بۆ دۆزینەوەیان ئەنجام دابوو .

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چەكدارانە مۆڵەت بوون و چووبوون بۆ راوی ماسی و دڵنیان كە داعش بەو تاوانە نەگریسە هەستاوە، چونكە پاش رفاندنیان گولەباران كرابوون.

هاوكات سەرچاوەیەكی تەندروستی لە خورماتووكە بەهۆی كوردبوونی داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تەرمەكان بۆنیان كردووە و پێ دەچێ هەمان رۆژ كوژرابن، بەڵام لە قەراخ چەمی ئامرلی شارابوونەوە بۆیە دۆزینەوەی دواكەوت.

 عادل بەیاتی بەڕێوەبەری شارەدێی ئامرلیش هەواڵی دۆزینەوەی ئەو تەرمانەی بۆ "وشە"  پشتڕاست كردەوە و باسی لەوە كرد، بە فیشەك كوژراون و یەكێكیان چەكداری حەشدی شەعبی بووە و دووانی تریان پۆلیس بوون.

جێی باسە دوینێ سێشەم "وشە" هەواڵی رفاندنی ئەو دوو پۆلیس و چەكدارەی حەشدی شەعبی بڵاو كردەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان