پەرلەمانتارە نوێیەكانی كوردستان خەریكی وانە خوێندنن

:: PM:02:43:21/11/2018 ‌

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بەهاوكاری پەیمانگەی دیموكراتی نیشتمانی، خەریكی كردنەوەی خولن بۆ پەرلەمانتارە نوێیەكانی پەرلەمان و پێڕەوی ناوخۆیان فێر دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی دووەم، سایتی فەرمی پەرلەمان بڵاوی كردووەتەوە، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەهاوكاریی پەیمانگەی دیموكراتی نیشتمانی NDI، لە هۆتێل دیڤانی شاری هەولێر خولێكی دوو رۆژەی بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ كرد.

لە هەواڵەكەی سایتی پەرلەمان هاتووە، لە رۆژی یەكەمی خولەكەدا كە زۆرینەی پەرلەمانتاران ئامادەی بوون، لە پرۆگرامی سەرلەبەیانی و لە دوو وانەی جیاوازدا كە لەلایەن پسپۆڕانی پەیمانگەی نیشتمانیی دیموكراتی NDI، گوترانەوە، تیایدا رۆڵی ئەندامی پەرلەمان لە نوێنەرایەتی، یاسادانان، چاودێری و گرنگیی پێوەندیكردن بەهاووڵاتییان و سوودە سیاسییەكانی و سوودەكانی حوكمڕانی و تەكنیكەكانی پێوەندیكردن بەهاووڵاتییان خرانەڕوو.

ئاشكرا كراوە، لە پرۆگرامی ئێوارەش لە دوو وانەی تردا رۆڵی لیژنەكانی پەرلەمان لە یاسادانان و چاودێری و ئەركی ئەندامی پەرلەمان لەناو لیژنە و رۆڵی فڕاكسیۆنەكان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن خرانەڕوو. 

ئاماژە دراوە، پرسیار و وەڵامی كراوە لە نێوان پەرلەمانتاران و پسپۆڕانی پەیمانگەی نیشتمانیی دیموكرات بەشێك بووە لە چالاكییەكەی نێوان پەرلەمانتاران، هەروەها پسپۆڕانی پەرلەمانی كوردستان ناوەڕۆكی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیان لە چوار وانەدا بۆ ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خستەڕوو.




وشە - رامیار جەواد