سەرووی 400 كێڵگەی مینڕێژكراو لە دهۆك هەن

:: PM:02:44:21/11/2018 ‌

ساڵانێكە مین و تەقەمەنییەكان بوونەتە سەرچاوەی سەرەكی مەترسی بۆ سەر ژیان و ژینگە و دارستان و زەوییە كشتوكاڵییەكان، هاووڵاتییان ناتوانن وەك پێویست سوود لەو كێڵگانە وەربگرن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین و تەقەمەنییەكان رای دەگەیەنێ‌ كە لە سنووری پارێزگای دهۆك نێزیكەی 434 كێڵگەی مینڕێژكراو هەن و ئەوان پلانێكی دارێژراویان دانڕاوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو كێڵگانە پاك بكرێنەوە.

ئازاد ئەحمەد هاووڵاتییەكی شێلادزێی‌ سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە"وشە"ی راگەیاند، لە سنووری شارەدێی شێلادزێ‌ چەندان شوێنی بۆمبڕێژكراو هەن و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و بەشێكی تریش دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا.

لە دەروازەی گەلی باڵندا نزیكەی 10 هەزار مەتری چوارگوشە زەویی مینڕێژكراو هەیە و لەماوەی رابردوو چەندان كەس بوونەتە قوربانی و شەهید كراون، بێجگە لەوەی كە چەندان جار مەڕ و ماڵاتی ئەوانیش كەوتوونەتە سەر مین و كوژراون، دواین جار چەند روژی رابردوو شوانكارێكی ناوچەكە كەوتە سەر یەكێك لە مینە چێنراوەكان و قاچێكی خۆی لە دەست دا،  هەروەها لە چیای كورەژار كە تەنیا پێنج كیلومەتر لە سەنتەری شارەدێی‌ شێلادزێ‌ دوورە، هەزاران مینی چێنراون هەن و بێجگە لەوەی كە بەهۆی بۆردمانی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كەس ناتوانێ بچێتە ئەو چیایە.

موسلیح تاهیر كە هاووڵاتییەكی سنووری شارۆكەی ئاكرێیە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئاكرێ‌ و لە هەندێ‌ ناوچەی تری سنووری شارەدێی‌ دینارتە ژمارەیەكی زۆری بۆمبی چێنراو هەن و مەترسییان بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست كردووە.

مەسعود مەلا شەفیق بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین و تەقەمەنییەكان لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرانسەری پارێزگای دهۆك 762 كێڵگەی پڕ لە مین و تەقەمەنی و مینڕێژكراو هەن، لە ماوەی رابردوو نزیكەی 328 لەو كێڵگانە پاك كراونەتەوە و ئەوانی تر تا ئێستە پاك نەكراونەتەوە.

ئەوشی گوت "ساڵی رابردوو 512 مینی دژە كەس و 449 مینی دژە كەسی گواستراوە، 326 تەقەمەنی و 63 مینی دژە تانك و 72 مینی دژەتانكی گواستراوە و 319 بۆمبی لەناكاوی راستەوخۆ و 325 بۆمبی لەناكاوی راستەوخۆی گواستراوە، 492 تەقەمەنی گواستراوە لە سنووری پارێزگای دهۆك لەلایەن تیمەكانی ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین و تەقەمەنییەكان بە هاوكاری رێكخراوی MAG لەناو براون، لە ئەنجامی لەناوبردنی مین و تەقەمەنییەكانیش كەسێك گیانی لەدەست داوە و چواری تر بریندار بوون"

"لە سنووری پارێزگای دهۆك شەش تیمی كاری دەست، تیمێكی تەقینەوە و تیمێكی میكانیكی و دوو تیمی رووپێو و دوو تیمی هوشیاركردنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین و تەقەمەنییەكان هەن، لەگەڵ بوونی 23 تیمی كاری دەست و 15 تیمی هوشیاركردنەوە و شەش تیمی میكانیكی و سێ‌ تیمی سەگ هەن كە سەر بە رێكخراوی MAGن" ئەو بەرپرسە حكوومییە وای گوت.

بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین و تەقەمەنییەكان لە پارێزگای دهۆك لە درێژەی قسەكانیدا رای گەیاند، پرۆسەی دانانی مین و تەقەمەنییەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و شەڕی داعش . ئەو دەڵێت "بەشێكی زۆری ئەو كێڵگانەی مینڕێژكراون، دەكەونە ناوچە سنوورییەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی پاككردنەوەی مین و تەقەمەنی بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی كە هەموو پارێزگای دهۆك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پاك دەكرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پلانێكی پێنج ساڵی دانراوە و لە سەرەتای ساڵی 2018 دەست پێ‌ كراوە، هاوئاهەنگییەكی زۆر لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە بۆ نەهێشتنی مین و تەقەمەنی"

پارێزگای دهۆك لە حەوت شارۆكە و 21 شارەدێی پێكدێت، هەریەك لە شارۆكەی زاخۆ و شارۆكەی ئامێدی زۆرترین رێژەی مین و تەقەمەنییان هەیە، چونكە ئەو ناوچانە هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتی توركیا و پێشتر رژێمی بەعس بە پاساوی پاراستنی سنوور، زۆرترین مین و تەقەمەنیی داناوە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان