داعش دووبارە مووسڵ داگیر دەكات؟

رۆژ دوای رۆژ جموجووڵی داعش بەرفراوانتر دەبێت بە تایبەت دوای زنجیرە تەقینەوەكە، تا ئێستە حكوومەت بێدەنگی هەڵبژاردووە. موقتەدا سەدر دەڵێ دۆخی مووسڵ مەترسیدارە و داوای رزگاركردنی دەكات. بەرپرسانیش كۆكن لەسەر ئەوەی رێك نەكەوتن لەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لێكەوتە و كاریگەری لەسەر دۆخی تەناهی دەركەوتەوە و بەردەوامبوونیشی مەترسییەكە گەورەتر دەكات.

ناوەندی راگەیاندنی تەناهی عێراقی لە بارەی تەقینەوەكەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەم هەشتی نۆڤێمبەری ئێستە، رای گەیاند كە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك چێشتخانەیەكی رۆژئاوای مووسڵ تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە 13 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەست داوە و 23ی تریش بریدار بوونە، جگە لە زیانەكانی بەر چێشتخانەكە و ناوچەكە كەوتووە.

عەمید محەمەد جبووری سەركردەی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا دەڵێ، ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن چەند چەكدارێكی تیرۆریستەوە لە شەقامی بەغدا لە ناوچەی مووسڵی نوێ لە رۆژئاوای شارەكە، جێهێڵراوە و پاشان تەقیوەتەوە، جگە لە كوژرانی 13 هاووڵاتیی سڤیل، ئەوا 23ی تریش بریندارن كە برینی زۆرینەیان سەختە.

ئەمە یەكەمین تەقینەوەیە دوای ئازادكردنی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعش لە ئۆكتۆبەری 2017، هاوكاتیشە لەگەڵ زیاتربوونی جموجووڵەكانی داعش لە باشووری مووسڵ و دامێنی چیای حەمرین و دەوروبەری حەویجە و باكوری سەڵاحەدین كە سێكوچكەی چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعشە دوای لە دەستدانی خاك بەهۆی ئۆپراسیۆنی رزگاركردنەوەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش كە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ حوكمڕانی تێدا كرد.

لەسەر تەقینەوەكەی هەشتی نۆڤێمبەر و ئەوانی تریش كە ماوەی دوو مانگە ژمارەی تەقینەوەكان رووی لە زیادی كردووە، ژمارەی قوربانییانیشی روو لە زیادبوونە و بەهۆیەوە دۆخی تەناهیی مووسڵ مەترسی گەورەی لەسەر هەیە و حكوومەتی عێراق تا ئێستە بێدەنگە، ئەمەش زیاتر مەترسی گەڕانەوەی داعشی بۆ مووسڵ زیاتر كردووە.

موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، دەنووسێ: مووسڵ لە ژێر هەڕەشەدایە، شانە نوستووەكان چالاك بوونەتەوە.. مووسڵ رزگار بكەن.

هاوكات باقر جەبر زوبەێدی وەزیری پێشتری ناوخۆ داوای گۆڕانكاری خێرا دەكات لە لووتكەی دەسەڵاتی سەربازی و هۆشداری دووبارە گەڕانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەدات.

زوبەیدی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لە چوارچێوەی چاودێرییان بۆ بەزاندنی هێڵەكانی تەناهی لە باشووری مووسڵ و تەواوی پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین، دووپاتی دەكەینەوە كە پێشتریش ئاماژەمان بە هەبوونی بنكەی نوێی داعش كردووە دوای هەڵاتنی لە لای راستی مووسڵ بەرەو شەرگات و حەزر و جزر و دارستانەكانی ئەو ناوچانە، جگە لەو شەڕەی لەسەر سنووری عێراق سووریا ئەنجامی دەدات، بۆ مانەوەی ئەو ناوچانە بێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە جۆرێك رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بكات لە رێی داڕشتنی بنەمایەك بۆی كە نەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەكەم.

وەزیری پێشتری بەرگری پێی وایە كێماسییەكە رەنگە لە سەركردایەتی تەناهی بێت كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە گەندەڵی تێوەگلاون و خەریكی دزینی جگەرە و ماڵات و نەوت بوونە، سەرقاڵی فرۆشتنی پۆستە تەناهییەكان بوونە، گێچەڵیان بە وەبەرهێنەران و هاووڵاتییانی سڤیل كردووە، گوتی "لە پاڵ ئەمەشدا هەندێك سەركردەی سەربازی هەن لە ریزی یەكەمدان، پێوەندییەكی سۆزدارییان لەگەڵ سەركردەكانی داعش هەیە، بۆیە گرنگە گۆڕانكاری خێرا لە لووتكەی دەسەڵاتی سەربازی لە پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەمەشدا بەگژ گەندەڵی بچنەوە كە یەكێك بووە لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی دەركەوتنی داعش و مانەوەی داعش".

سەرەڕای هۆشدارییە مەترسیدارەكان لەلایەن موقتەدا سەدر و وەزیری پێشتری ناوخۆ، هێشتا حكوومەتی عێراق هیچ جووڵەیەكی نەكردووە و بێدەنگی هەڵبژاردووە، بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێك هەڵگرێت، یان هیچ رێوشوێنێك بگرێتە بەر تایبەت بە مووسڵ.
 
ئەفسەرێكی سەركردە لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەڵێ، هیچ بڕیارێكی نوێ دوای تەقینەوەكەی هەشتی ئەم مانگە تایبەت بە مووسڵ یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق دەرنەچووە.

ئەو ئەفسەرە باڵایە لەبەر هەستیاری دۆخەكە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، گوتی "هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ گرتنەبەر و راگەیاندنی باری تەنگەتاوی بۆ پاراستنی مووسڵ و خەڵكەكەی، ئەگەرچی بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی دەست سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەش كەوتووە، دووپات لە هەبوونی مەترسی لە دەوروبەری مووسڵ دەكاتەوە و رێوشوێنە تەناهییەكانیش بەرانبەر بە مەترسییەكان زۆر لاوازن و وەك پێویست ناتوانێ بەرەنگاری مەترسییەكە ببێتەوە".

لای خۆیەوە ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشتری مووسڵ، داوای هاوئاهەنگی دەكات بۆ رزگاركردنی مووسڵ و دووپات لە گرنگی بەگژداچوونەوەی گەندەڵكاران دەكات كە سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانە، ئەوان بەردەوامن لە گەندەڵی و مووسڵ بە هەلاكەت دەبەن.

نوجێفی چەند رێچارەیەكی خێرا دەخاتەڕوو بۆ رزگاركردنی مووسڵ بەوەی جارێكی تر داعش داگیری نەكات، دەڵێ پێشتر شارەكە بارتەقای هەموو عێراق لەسەر دەستی داعش زیانی بەركەوت، ئەمە دووبارە دەبێتەوە ئەگەر چارەسەری خێرای دۆخی تەناهی شارەكە نەكرێت، چونكە شانە نوستووەكانی داعش چالاكن و سەریان هەڵداوەتەوە، بۆیە ئەگەر گەندەڵ و خۆویستەكان دەسەڵاتداری باری تەناهی شارەكەیان بە دەستەوە بێت، ئەوا كارەساتێكی تری گەورە لە مووسڵ روو دەدات و عێراقیش دەگرێتەوە.

هاوكات زۆرینەی بەرپرسانی باڵای عێراقی پێشتریش هۆشدارییان داوە لە لێكەوتەی ململانێی سیاسی هێزە سیاسییەكان لە دەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تا دەگات بە ئێستە و پرسی پێكهێنانی حكوومەت، بەتایبەت ناكۆكییەكانی رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، كە دوو وەزارەتن پێوەنداری راستەوخۆن بە دۆسیەی تەناهی.

ئەوان دەڵێن تەقینەوەكەی هەشتی ئەم مانگە سەرەتای دەركەوتنی لێكەوتەی كاریگەری ئەو ململانێیانەیە كە پێشتر هۆشداری لەسەر درابوو.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:03:51:21/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌