كچه قوتابییه‌كی شارۆكه‌ی سۆران له‌ناو پارك و بازاڕه‌كانی سۆران له ڕێی دروستكردنی وێنه‌ی ده‌ستی بژێوی ژیانی خۆی په‌یدا ده‌كات.
سه‌میره مسته‌فا یووسف، ساڵی 1993 له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه، ئێسته قوتابی قۆناغی چواری به‌شی یاسایی زانكۆی سۆرانه، ئه‌و هیچ بڕوانامه‌یه‌كی له بواری وێنه‌كێشاندا نییه و خوێندنه‌كه‌یشی وانه‌ی وێنه‌كێشانی تێدا نییه، به‌ڵام كیشانی وێنه و ده‌ستره‌نگینی ئه‌و كچه گه‌نجه، هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ری سۆرانی سه‌رسام كردووه و ئه‌وانه‌ی بۆ جارێك وێنه‌یان پێ كێشاوه دووباره هه‌وڵ ده‌ده‌ن وێنه‌یان بۆ بكێشێته‌وه.
سه‌میره مسته‌فا شێوه‌كار و قوتابی زانكۆی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند "هه‌ر له منداڵییه‌وه هه‌ستم ده‌كرد حه‌زێكم هه‌یه بۆ هونه‌ری وێنه‌كێشان، سێ ساڵ به‌ر له ئێسته ده‌ستم به‌و كاره كرد، هه‌ر چه‌نده ئه‌و كاتیش قوتابی بووم و كه‌مێك زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام به‌رده‌وام له پاڵ خوێندن گرینگیم داوه به‌و حه‌زه‌یم، هه‌روه‌ها هه‌وڵم ده‌دا تا فێری هونه‌ری وێنه‌كێشان بووم، سه‌ره‌تا بۆم قورس بوو، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ مه‌شقكردن ڕاهاتم به‌تایبه‌ت له پشووی هاوین حه‌زم نه‌ده‌كرد بێ هۆ كاته‌كانم تێپه‌ڕێنم هه‌ر خه‌ریكی وێنه‌كێشان بووم.
ئێسته لای سه‌میره ئه‌وه‌ی ئاسانه وێنه‌كێشانه و ئه‌و وێنه‌ی هه‌ر كه‌سێك بكێشێت سه‌ره‌تا به مۆبایله‌كه‌ی وێنه‌یه‌كی لێ وه‌رده‌گرێت و دواتر ده‌ست به دورستكردنی ده‌كات و بۆ هه‌ر وێنه‌یه‌كیش نزیكه‌ی 30 خووله‌كی پێده‌چێت، به‌ڵام له قسه‌ی خه‌ڵكی بێ توانج نییه و زۆر جار رووبه‌رووی ره‌خنه ده‌بێته‌وه كه كچێك له‌ناو پاڕك و شه‌قام و بازاڕدا وێنه‌ی گه‌نجان و هاووڵاتییان به‌ده‌ست بكێشێت.
سه‌میره زیاتر گوتی، "مرۆڤ هه‌ر كارێك كه ده‌ست پێ ده‌كات، به‌هۆی ئه‌و حه‌زه‌وه‌یه كه بۆ كاره‌كه هه‌یه‌تی، منیش به‌هۆی ئه‌و حه‌زه و ئه‌و چێژه‌ی كه له وێنه‌كێشانم ده‌بینم ئه‌و كاره‌م هه‌ڵبژارد ئه‌م هونه‌ره ئارام به‌خشه به‌لامه‌وه، گوێ به‌قسه‌ی خه‌ڵكی ناده‌م كه چیم پێ ده‌ڵێن، ئامانجێكم هه‌یه و ده‌مه‌وێت به‌رده‌وامبم.
سه‌میره له‌گه‌ڵ یه‌كێك له هاوپیشه‌كانی به‌ناوی "جوبرائیل" له شه‌قامی سه‌ره‌كی و ناو پاڕكه‌كانی سۆران وێنه‌ی خه‌لك و گه‌شتیارانیان كێشاوه، ئێسته‌یش دووكانێكیان به‌یه‌كه‌وه له نزیك فلكه‌ی ئاڵا ناو بازاڕی سۆران داناوه و رۆژانه دووای ده‌وامی كۆلیژ له سه‌عات دووی پاش نیوه‌ڕۆ تا دوانزه‌ی شه‌و كراوه‌یه و وێنه‌ی خه‌لك ده‌كێشن به‌كاره‌شییان بژێوی ژیانی خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن و چێژ له كاره‌كه‌یان ده‌بینن.
سه‌میره ئاماژه به‌وه‌یش ده‌دات، "ئێسته زۆربه‌ی خه‌ڵك وێنه‌ی ده‌ستی هه‌ڵده‌بژێرن و بووه‌ته مۆدێل وه‌كو دیارییه‌كی جوان و جیاواز پێشكه‌ش كه‌سه نزیكه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ی داوای ده‌كه‌ن زیاتر چینی گه‌نجانن كه وێنه بۆ هاوڕێكانیان یان بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌یان دروست ده‌كه‌ن و به دیاری پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن.
سۆران/ موڕشید برادۆستی