مەسروور بارزانی: دەبێت لەم خولەدا سیستمێك جێگیر بكرێت كە لە خزمەتی كوردستانێكی بەهێزدا بێت

:: PM:05:40:21/11/2018 ‌

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە و داوای لێكردن لە ئاست ئەو متمانەدا بن كە هاووڵاتیان پێیانی داوە. 

وێڕای پیرۆزباییكردن و ئامۆژگاریكردن، مەسروور بارزانی باسی ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان كرد و رای گەیاند، ئەم رێژە بەرزە رەنگدانەوەی  كار و بەرنامە و پاداشتی  جەماوەری كوردستانە بۆ بەرنامەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی پارتی و رای گەیاند كە ئەمە جێی سەربەرزی و شانازییە و پشتمان بەو متمانەیە گەرمە.
لە بەشێكی تری وتەكەیدا باسی لە ئەركی پەرلەمانتاران كرد و رای گەیاند، ئەركی قوڕستان لە ئەستۆیە، چونكە دەبێت لەم خولەی ئێستە سیستمێك جێگیر بكرێت كە لە خزمەتی كوردستانێكی بەهێز بێت و گەورەترین بەڵێنیش راستگۆییە.

هەروەها زۆر بە بایەخەوە باسی لە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە لەم خولەدا زیاتر كار بكەن بۆ ئاسوودەیی ژیانی پێشمەرگە و سارێژكردنی برینەكانی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و دووپاتی كردەوە، دەبێ ئەم پرسە بخەنە ئەولەویەتی ئەركەكانتان و ئەمەیش خێركردن نییە، بەڵكو بەهۆی ئەوەیە كە پێشمەرگە هۆكاری مانەوە و بەردەوامبوونی گەلی كوردستانە و ئەوەیش پرەنسیپێكی جێگیرە.
مەسروور بارزانی هەر لەم روانگەیەوە باسی لە رێبازی بارزانی كرد كە لێبوردەیی و یەكتر قبووڵكردن و یەكریزی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە و گوتی، پێویستە ئێوە نوێنەری راستەقینەی ویست و پێداویستی و خەڵك و ئەو بیروباوەڕە بن.

مەسروور بارزانی باسی لە ماف و ئەركی هەمووان كرد و رای گەیاند، هەموومان خاوەنی كوردستانین و دەبێت كار بكرێت بۆ سڕینەوەی فەرهەنگی لێكجیاكردنەوەی هاووڵاتی و دەسەڵات و دەبێت كاری ئێمە رازیكردنی جەماوەر بێت، نەك ئەم و ئەو.

هەروەها گوتی، پارتی بزووتنەوەیەكی جەماوەرییە بۆ هێنانەدی مافەكان و ژیانێكی ئاسوودە و خۆشگوزەران بۆ جەماوەری گەلی كوردستان.

باسكردنی دادوەری كۆمەڵایەتی بەشێكی تری وتەكەی مەسروور بارزانی بوو و رای گەیاند، پێویستە دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان بێ جیاوازی بڕەخسێندرێت و ئاماژەی بەوە دا، پێویستە وەك دەسەڵاتی یاسادانان و چاوێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەگەڵ هەموو پەرلەمانتاران لەكاركردندا هاوئاهەنگ بن، چونكە ئەوەی هەیە پەرلەمانی كوردستانە و بەدەنگی خەڵكی كوردستان دامەزراوە و ئەمانەتێكتان لە ئەستۆدایە.









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل